دوو ساڵ بەسەر جەنگی ئۆکراینا و رووسیا تێپەڕ دەبێت؛ نزیکەی 500 هەزار سەرباز کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا تێدەپەڕێت، جەنگێک کە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی نیو ملیۆن سەرباز لە هەردوولا و، زیانی 486 ملیار دۆلاریشی لە ئۆکراینا داوە.
ژمارەیەک سەربازی ئۆکراینی لە هەرێمی ساکسۆنی ئەهالتی ئەڵمانیا راهێنانی سەربازییان پێدەکرێت، سەرۆکی ئەڵمانیا و وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی سەردانی کەمپی راهێنانەکەیان کرد. بۆریس پیستۆریەس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا گوتی "راهێنان لەسەر سیستمی چەک بۆ ئۆکراینا زۆر گرنگە. دوای دوو ساڵ لە جەنگ، ئێستا ئەو راهێنانە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە گرنگە."
نزیکەی 20٪ـی خاکی ئۆکراینا لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵکراوە. بەگوێرەی راپۆرتی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیسیۆنی ئەوروپا و بانکی نێودەوڵەتی، جەنگەکە زیانی 486 ملیار دۆلاری لە ئۆکراینا داوە.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا جەنگەکە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی نزیکەی 500 هەزار سەربازی هەردوولا.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین راپۆرتی خۆیدا، کوژرانی 10 هەزار و 582 هاووڵاتی سڤیل و برینداربوونی نزیکەی 20 هەزاری دیکەی ئۆکراینای پشتڕاستکردووەتەوە.
کیێڤ دەڵێت، پێشڕەوییەکانی ئەم دواییەی سوپای رووسیا لە بەرەی جەنگ، واتای ئەوەیە؛ دەبێت پاڵپشتییەکان بۆی بەردەوام بن.
19ـی شوباتی 2024 ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی "ئێستا لە چەند بەشێکی هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ دۆخەکە تەواو سەختە. سەربازانی رووسیا سوود لە دواکەوتنی هاوکارییەکان بۆ ئۆکراینا وەردەگرن. پێویستییەکی زۆرمان بە بەرگریی ئاسمانییە. لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە هەوڵداین بۆ بەدەستهێنان و زیادکردنی هاوکارییەکان."
لە دەستپێکی جەنگەکەوە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە بەهای 240 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی کیێڤیان کردووە، ئەوەش هۆکاری بەردەوامیی سوپای ئۆکراینا بووە لە جەنگەکەی دژی رووسیا.