کلاریسا وۆرد خەڵاتی ساڵی 2024ـی شیفا گەردی بەدەستهێنا
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیتەی خەڵاتی شیفا گەردی لە ساڵی حەوتەمی خەڵاتەکەدا لەنێو چەند بەربژێرێک دا، پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ئەمریکی CNN، کلاریسا وۆردی وەک براوەی خەڵاتی شیفا گەردی لە ساڵی 2024 هەڵبژارد.
کلاریسا وۆرد، وەک پەیامنێرێک لە بەرەی پێشەوەی جەنگەکان، وێرانکاری و نەهامەتییەکانی جەنگی گواستووەتەوە و لە پشتەوەی بەرەکانی جەنگیش چیرۆکە مرۆییەکانی گەیاندووەتە جیهان. لە شەڕی غەززەدا یەكەمین رۆژنامەڤانی رۆژئاوایی بوو گەیشتە شوێنی رووداوەکان و چیرۆکە مرۆییەکانی لە هەردوولای شەڕەکەوە بۆ جیهان گواستەوە. لەبەرئەوە کەسێکی شایانی رێزلێنانە بە خەڵاتی شیفا گەردی .
کلاریسا وۆرد، دوای ئەوەی پێی راگەیێندرا کە بووەتە براوەی خەڵاتی ئەم ساڵی شیفا گەردی لە پەیامێک دا دەڵێ "بەڕاستی زۆر دڵخۆشم بە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە، بەتایبەتی کە بۆ یادەوەریی (شیفا گەردی)ـی ئازا و سرووشبەخش دامەزراوە ". کلاریسا وۆرد سەبارەت بە رۆڵی ئێستای رۆژنامەڤانانیش دەڵێت "لەم جیهانەی ئێستادا کە زۆر لێکترازاو و دابەشبووە، بەرپرسیارێتییەکمان هەیە، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ بنەماکانی رۆژنامەڤانی، هەروەها بەردەوامبوون لە گێڕانەوەی چیرۆکەکانی خەڵک، بەردەوامبوون لە ئاڵنگاریکردن لەگەڵ ئەوانەی لە پێگەی دەسەڵاتدان".
شیفا گەردی لەنێو شەڕی رژێمی سەدام حوسێن لە دژی کوردستان و لە نێو بارودۆخی جەنگی عێراق و ئێران دا لەدایکبوو، لە دۆخێکی سەخت دا خوێندی و بووە رۆژنامەڤانێکی بەتوانا و رووماڵی جەنگی پێشمەرگە و عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد دژی داعش. شیفا گەردی لە 25ـی شوباتی 2017 لە شاری موسڵ لەکاتی تۆمارکردنی چیرۆکی کۆمەڵکوژییەکی داعش شەهید بوو. تۆڕی میدیایی رووداو ئەوکات بڕیاریدا خەڵاتی شیفا گەردی دروست بکات بۆ رێزگرتن لە کاری ئەو ژنە رۆژنامەڤانانەی رووماڵی جەنگ دەکەن یان راپۆرتی بنکۆڵکاری دروست دەکەن. بۆ ئەو مەبەستەش کۆمیتەیەکی لە چەند کەسێکی شارەزای بواری میدیا لە هەرێمی کوردستان و ئەورووپا دروست کرد بۆ دیاریکردنی براوەی ساڵانەی ئەو خەڵاتە .
ئەم ساڵ، رێورەسمی خەڵاتەکە لە کاژێرێکی تەلەڤیزیۆنی دا لە شوێنی شەهیدبوونی شیفا گەردی لە شاری موسڵ بەڕێوەچوو.
ساڵی رابردوو، ساڵێکی پڕ لە جەنگ و خوێناوی بوو لە جیهان دا، ئەوەش کاری رۆژنامەڤانانی زۆر زەحمەت کرد. بەپێی ئاماری فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەڤانان (IFJ) لە ساڵی رابردوودا 120 رۆژنامەڤان لە جیهان دا کوژران. کوشتنی رۆژنامەڤانان، نیشانەی ئەوەیە کارێکی زۆر ماوە نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتان بۆ پاراستنی گیانی رۆژنامەڤانان لە جیهان دا بیکەن.
تۆڕی میدیایی رووداو
25ـی شوباتی 2024