مەلەوانێک ریکۆردی جیهانیی مەلەکردن لەژێر شەختەی دەریاچەیەک دەشکێنێت

دەیڤد لەنێو ئاوی دەریاچەکەدا. وێنە: Reuters
 
رووداو دیجیتاڵ
 
مەلەوانێکی چیکی بە بڕینی 81 مەتر لەنێو دەریاچەیەکی بەستوو و تەنیا بە پۆشینی شۆرتێکی مەلەوانی، توانی ریکۆردێکی جیهانی بشکێنێت

  

رۆژی سێشەممە 23-02-2021 دەیڤد ڤینسڵی تەمەن 38 ساڵ لە یەک دەرچەی سەر دەریاچە بەستووەکە چووە نێو ئاوەکەوە، دوای ئەوەی 81 مەتری لەژێر ئاوەکە بڕی، لە دەرچەیەکی دیکەوە لە ئاوەکە هاتە دەرەوە، بەمەش توانیی ریکۆردێکی پێشوو بشکێنێت کە پیاوێکی دانیمارکی بەناوی ستیگ ئاڤاڵ لە ئۆکتۆبەری 2017 تۆماریکردبوو و توانیبووی 76 مەتر لەژێر سەهۆڵاو لە باشووری گرینلاند ببڕێت.

 

 
دەیڤد ئەو مەودایەی بە ماوەی یەک خولەک و نیو بڕیوە، دوای دەرچوونی لە ئاوەکە بۆ راگەیاندنەکان قسەی کرد و گوتی "هەر ئەوەم دەویست".
 
بەهۆی ئەو رێکارانەی دژی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراونەتەبەر و زەحمەت بوونی گەشتی نێودەوڵەتی، ئەو مەلەوانە چیکییە ناچاربووە شوێنی تۆمارکردنی ریکۆردەکە لە دەریاچەیەکی نەمساوە بگۆڕێت بۆ دەریاچەیەک لە گوندێکی وڵاتەکەی.