لە دوو رووداوی تەقەکردن لە کالیفۆرنیا حەوت کەس دەکوژرێن
رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رووداوی تەقەکردندا لە کالیفۆرنیا کە بەگوتەی پۆلیس پەیوەندییان بەیەکدییەوە هەبووە، لانی کەم 7 کەس کوژران و تۆمەتبارەکەش دەستگیرکراوە.
تەقەکردنەکە لە شاری هاف موون بەی بە دووریی 48 کیلۆمەتر لە باشووری سان فرانسیسکۆ روویداوە، چوار کەس لەنێو کێڵگەیەکی کوارگ و سێ کەسی دیکەش لەنێو بارهەڵگرێک بە کوژراوی دۆزراونەتەوە، پۆلیس کەسێکی بەتۆمەتی کوشتنی ئەو 7 کەسە دەستگیرکردووە.
ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ناوی 'چونلی ژاو'ـە و بەرەچەڵەک ئاسیاییە.
سەرەتای ئەم هەفتەیەش پیاوێکی بەتەمەنی ئاسیایی لە کالیفۆرنیا دەستڕێژی گولـلەی کردە سەر ستۆدیۆیێکی سەماکردن کە خەڵک بەبۆنەی ساڵی نوێی چینی تێیدا کۆببوونەوە و بەهۆیەوە 11 کەس کوژران، تەقەکەرە تەمەن 72 ساڵەکەش دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدرا، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
پۆلیس دەڵێت، لە هەردوو تەقەکردنەکەدا چەکی ئۆتۆماتیک بەکارهاتووە، بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، هەردوو تەقەکەرەکان دەرکەوتووە پەیوەندییان بە قوربانییەکانیانەوە هەیە.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بەکاتی ئەمریکا، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، جۆ بایدن فەرمانی کردووە تاوەکو رۆژئاوابوونی رۆژی 26ـی کانوونی دووەم، ئاڵای ئەمریکا وەکو رێزگرتنێک لە قوربانییانی رووداوی یەکەم بهێندرێتە خوارەوە.
مۆنێتێری پارک، ئەو شوێنەی سەرەتای هەفتە 11 کەسی تێدا کوژرا، 60 هەزار کەس لێی دەژین و 65٪ـی خەڵكی ئەوێ بەرەچەڵەک ئاسیایین و زۆربەشیان چینین.
پۆلیسی کالیفۆرنیا رایگەیاندووە، "پشکنەران بەردەوام کاردەکەن بۆ ئەوەی زانیاریی زیاتر لەبارەی رووداوەکە کۆبکەنەوە و کار لەسەر پاڵنەری پشت رووداوەکە دەکەن."
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی ئارشیڤی تووندتیژیی چەکداری - (گەن ڤایڵەنس) ساڵی رابردوو 647 رووداوی تەقەکردن و هێرشی چەکداریی لە سەرانسەری ئەمریکا روویداوە کە بەهۆیەوە 762 کەس کوژراون و دوو هەزار و 902 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەروەها ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ئەمریکا ژمارەی چەک لە ژمارەی خەڵکەکەی زیاترە و بۆ هەر ئەمریکییەک، سێ چەکی بەردەکەوێت، لە هەر دوو کەسێک لە ئەمریکا، کەسێک خاوەنی چەکە لە ماڵەکەیدا.