لە ئەمریکا خێزانێک بە هەڵواسینی زیاتر لە 720 هەزار گڵۆپی کریسمس خانووەکەیان دەڕازێننەوە

رووداو دیجیتاڵ

خێزانێک لە شارۆچکەی یونیەنە ڤایەڵ، لە ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا، نۆ ساڵە ریکۆردێک تۆمار دەکەن، ئەویش دانانی زۆرترین گڵۆپی کریسمسە لە یەک خانوودا.
 
ئەمساڵ خێزانەکە زیاتر لە 720 هەزار گڵۆپی رەنگاوڕەنگیان بە چواردەوری خانووەکەیاندا هەڵواسیوە. هەموو گڵۆپەکانیش لە رێگەی بەرنامەی تایبەتەوە بە میوزیک بەستراون تاوەکو لەگەڵ میوزیکەکەدا، گڵۆپەکانیش هەڵبن و بکوژێنەوە. 
 
تیمەسی گەی، خاوەن ماڵەکەیە و دەڵێ "دەتوانم بڵێم ساڵانە 50 بۆ 100 هەزار کەس سەردانی ئێرە دەکەن و تەواوی خەڵکی ویلایەتەکانی ئەمریکامان لە خانووەکەمان بینیوە، تەنیا ویلایەتی هاوای نەبێت." 
 
تیمەسی گەی دەڵێت، تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی نزیکەی سێ مانگ کاردەکەن تاوەکو سەرجەم گڵۆپەکانی کریسمس دادەنێن و بەدرێژایی زیاتر لە 12 کیلۆمەتر لایت دادەنرێت. 
 
گەشتیارێک کە سەردانی ماڵی تیمەسی کردووە، دەڵێ "ئێمە چەندین ساڵە سەردانی ئێرە دەکەین و هەستێکی خۆشە". گەشتیاری دیکە باس لەوە دەکات "بەهۆی ئەوەی (هەڵبوون و کوژانەوەی گڵۆپەکان) لەگەڵ میوزیکەکە رێکخراوە، شتێکی جیاواز و سەرنجڕاکێشە."
 
بەهۆی رازاندنەوەی خانووەکەیان، ئەو خێزانە بوونەتە سەرچاوەیەکی باشی دارایی شارۆچکەکەیان، چونکە کاتێک گەشتیاران دێن، بڕێک پارە بەمەبەستی بینینی خانووەکە دەدەن.
 
تیمەسی دەڵێت، لەساڵی 2011ـەوە، توانیویانە 680 هەزار دۆلار کۆبکەنەوە و بیبەخشنە رێکخراوە خێرخوازی و نەخۆشخانەکانی تایبەت بە نەخۆشانی شێرپەنجە.