فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانی ئەفریقا لە لیبیاوە بەرەو ماڵتا رفێندرا

رووداو - هەولێر

فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانی ئەفریقا بە 118 سەرنشینەوە لە فڕۆكەخانەی ماڵتا نیشتەوە و سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتەش دەڵێت، پێدەچێت رفێندرابێت.

بەپێی زانیاری میدیاكانی ماڵتا، فڕۆكەكە لەكاتێكدا لە گەشتێكی نێوخۆییدا بووە لە لیبیا، رفێندراوە و ئاراستەكەی بەرەو ماڵتا گۆڕاوە.

جۆسێف مۆسكات، سەرۆكوەزیرانی ماڵتا لە تویتێكدا رایگەیاند "فڕۆكەكەی هێڵی ئەفریقا، كە لە سەبهاوە بەرەو تەربلووس گەشتی كردووە، لە ماڵتا نیشتووەتەوە، هێزە ئەمنییەكان لە هەماهەنگیدان و رێوشوێنی ئەمنیان گرتووەتەبەر".

بەپێی زانیارییەكان دوو كەس، كە بۆمبی دەستییان پێیە لەنێو فڕۆكەكە، هەڕەشەی تەقاندنەوە فڕۆكەكە دەكەن، ئەگەر داواكارییەكانیان جێبەجێ نەكرێن.

بەگوێرەی زانیاری سەرەتایی، رفێنەرەكە گوتوویەتی، رێگەدەدات سەرنشینەكان فڕۆكەكە جێبهێڵن، ئەگەر داواكارییەكانی جێبەجێ بكرێن.

گوتەبێژی حكومەتی لیبیا رایگەیاند، رفێنەرەكان داوا دەكەن رێگە بە دەرچوونی ئەو چەكدارانە بدرێت، كە لە ناوچەی قەنفوزەی شاری بنغازی ماون، بەبێ‌ ئەوە ئاماژە بە ناوی گرووپە چەكدارییەكە بكات.

بەپێی زانیاری میدیاكانی مەڵتا، ئەو كەسە گوتویەتی، لایەنگری موعەمەر قەزافی، سەرۆكی پێشووی لیبیایە، كە لە ساڵی 2011 كوژرا.

گوتەبێژی فڕۆكەخانەی نێودەڵەتی ماڵتاش رایگەیاندووە، ئەو فڕۆكەیە بە نایاسایی لە فڕۆكەخانەكە نیشتووەتەوە، ئێستا ئەو ناوچەیە چۆڵكراوە و ناشزانن لەنێو فڕۆكەكە چی روودەدات.

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە فڕۆكەخانەی تەرابلووس رایگەیاندووە، فڕۆكەوانەكە ویستوویەتی لە تەرابلووس بنیشێتەوە، بەڵام رفێنەرەكان رەتیان كردووەتەوە. سەرچاوەكە دەشڵێت، فڕۆكەوانەكە پەیوەندی لەگەڵ فڕۆكەخانەكە هەبووە، بەڵام دواتر پەیوەندییەكانی پچڕاون.

سەرۆكوەزیرانی ماڵتا ئاشكرای كردووە، لە فڕۆكەكەدا 111 سەرنشین (82 پیاو، 28 ژن و یەك منداڵی ساوا) و حەوت كەس لە دەستەی فڕۆكەوانی تێدایە.