بەرپرسانی پاکستان: بەهۆی شەڕی شیعە و سوننەوە 32 کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی شەڕی مەزهەبیی نێوان پەیڕەوانی شیعە و سوننە، ئەمڕۆ لە باکووری رۆژئاوای پاکستان 32 کەس کوژران.
رۆژی شەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2024، بەرپرسێکی ناوچەی کورەم لە هەرێمی خابر پاختونخوا رایگەیاند، "بەهۆی شەڕی پەیڕەوانی شیعە و سوننە لە چەند شوێنێک، 32 کەس کوژران کە 14ـیان سوننە و 18ـیان شیعە بوون."
پێنجشەممەی رابردوو، ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر کاروانێکی ئۆتۆمبێلی پەیڕەوانی شیعە لە ناوچەی کورەم. بەهۆی هێرشەکەوە 43 کەس کوژران و 11ـی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
لە تۆڵەی ئەو هێرشەدا، شەوی رابردوو ژمارەیەک پەیڕەوانی شیعە هێرشیانکردە سەر کۆمەڵگەیەکی سوننە و تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەڕ لەنێوانیان بەردەوام بوو.
لەبارەی هێرشەکەوە بەرپرسێکی پۆلیسی کورەم رایگەیاند، "شەوی رابردوو کاژێر 07:00 (05:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر) گرووپێکی توڕەی پەیڕەوانی شیعە هێرشیان کردە سەر بازاڕی باگان کە بازاڕێکی زۆرینە سوننەیە".
دەشڵێت، لە هێرشەکەیاندا نزیکەی "300 دووکان و 100 خانوویان لەو ناوچەیەدا سووتاند" و، خەڵکی ناوچەکەش تەقەیان لەو هێرشکارانە کرد.
بەگوێرەی بەرپرسانی پاکستان، ئەم ساڵ لە هەرێمی خابر پاختونخوا بەهۆی پێکدادانی پەیڕەوانی شیعە و سوننە، زیاتر لە 150 کەس کوژراون.
ژمارەی دانیشتووانی پاکستان نزیکەی 240 ملیۆن کەسە. لەو ژمارەیە 97٪ـیان موسڵمانن، لەو رێژەیەش 90٪ـیان سوننەمەزهەبن.