گەردوونناسان بۆ یەکەمین جار وێنەی ئەستێرەیەکی دەرەوەی رێگەی کاکێشان دەگرن

رووداو دیجیتاڵ 

گەردوونناسان بۆ یەکەمین جار توانییان وێنەی نزیککراوی ئەستێرەیەکی دەرەوەی گەلەستێرەی رێگەی کاکێشان بگرن. 
 
گەردوونناسان توانیویانە لە رێگەی تەلەسکۆپی گەورەی (VLTI)ـەوە وێنەی ئەستێرە سوورە زەبەلاحەکە نزیکبکەنەوە. 
 
ئەستێرەکە ناونراوە  WOH G64 و 160 هەزار ساڵی رووناکی لە زەوییەوە دوورە، واتە پێویستە 160 هەزار ساڵ بە خێرایی رووناکی گەشت بکەین تاوەکو پێی بگەین. 
 
ماوەیەکی زۆرە گەردوونناسان ئاگاداری هەبوونی ئەو ئەستێرەیەن و ناسناوی "ئەستێرە دێوەزمەکە"یان پێ دابوو، لەبەرئەوەی دوو هەزار جار لە خۆر گەورەترە. خۆر ملیۆنێک و 300 هەزار جار لە زەوی گەورەترە. 
 
تەلەسکۆپی VLTI توانیویەتی ئەستێرەکە بە وردەکارییەوە پێشانبدات، بە جۆرێک کە دەریخستووە چەند ئەڵقەیەکی سووری گاز و تەپ و تۆز لە دەوری ئەستێرەکە هەن. 
 

ئەو ئەڵقانە لە ئەنجامی دەرپەڕینی مادەکان لە ئەستێرەکەوە دروستبوون و ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەستێرەکە لە دوا ساتەکانی ژیانی خۆیدایە و لە تەقینەوەیەکی گەورە نزیکدەبێتەوە. 
 
کەیچی ئۆهناکا، زانای فیزیای ئەستێرەکان لە زانکۆی ئەندرێس بێلۆی چیلی دەڵێت، "بۆ یەکەمین جار، توانیمان وێنەی نزیککراوی ئەستێرەیەکی دەرەوەی گەلەستێرەی رێگەی کاکێشانمان بگرین، کە ئەستێرەکە خەریکە دەمرێت."
 
وێنەی ئەستێرەکە هاوپێچ لەگەڵ لێکۆڵینەوەیەک لە گۆڤاری گەردوونناسیی Astronomy & Astrophysicsی هۆڵەندی بڵاوکراوەتەوە.