ئەمریکا: ئەگەری زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر هێز و هاووڵاتییانمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریکا رایانگەیاند، چاوەڕێ دەکەن، جەنگی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین، فراوانتر بێت و ناوچەکە بگرێتەوە، ئەمەش لە رێگەی بەشداریکردنی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، هۆشداریشیان دایە بەرپرسانی تاران، ئیدارەی بایدن ئامادەی هەموو وەڵامێکە لە ئەگەری بە ئامانجگرتنی هەر هاووڵاتییەک یان هێزێکی ئەمریکی.
رۆژی دووشەممە (23ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکا لەبارەی دۆخی ناوچەکە و ئاسایشی هاووڵاتییانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، "ئێمە، نامانەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بێت. نامانەوێت هێز و هاووڵاتییەکانمان بکرێنە ئامانج، ئەگەریش رووبدات، ئێمە ئامادەین."
هەروەها لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، هەمان هۆشداریی وەزیری دەرەوەی دا و بە میدیای ئەمریکای راگەیاند "ئەوەی دەیبینین ئەگەری گرژبوونەوەی دۆخەکەیە و زیادبوونی هێرشەکانە بۆ سەر هێزەکانمان و هاووڵاتییانمان لە هەموو ناوچەکە''. گوتیشی "ئەمریکا مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات و هیچ دوودڵیش نابێت وەڵامی گونجاوی هەبێت."
ئەو هۆشدارییانەی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لەکاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززەی فەلەستین، ئەمەش وەکو وەڵامی بۆ هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023.
شەوی یەکشەممە، 22ـی تشرینی یەکەم، کەرتی غەززە شەوێکی دیکەی خوێناوی بەڕێکرد، هەروەها دوو فڕۆکەخانەی سووریاش کرانە ئامانج لەگەڵ مزگەوتێک لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین کە ئیسرائیل دەڵێت، لەلایەن چەکدارانی گرووپە فەلەستینییەکانەوە بەکارهێنراوە، لەوکاتەی مەترسی هەیە ئەو جەنگە سێ هەفتەییە بە تەواوی بە ناوچەکەدا بڵاوببێتەوە.
لە رۆژی دەستپێکی جەنگەوە، چەکدارانی حیزبوڵڵای لوبنانی و سوپای ئیسرائیل رۆژانە، بە مووشەک لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان، وەڵامی یەکتریان داوەتەوە. هەروەها دۆخەکە لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین بەرەو گرژبوونی زیاتر دەچێت، ئەمەش لەدوای ئەوەی لە دوو شەوی رابردوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دوو کامپی ئاوارەکانیان لەو کەرتە کردە ئامانج و دەڵێت ئەو کامپانە لەلایەن چەکدارانی فەلەستینییەوە بەکارهێنراون.
رۆژی یەکشەممە 22-10-2023، ئەمریکا رایگەیاند، داوایان لە تەواوی ستافە ناپێویست و خێزانەکانیان لە باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا و هەروەها کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کردووە وڵاتەکە جێبهێڵن. ئەمەش لە دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە، جارێکی دیکە، بنکەی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق کە سەربازانی ئەمریکای تێدایە، کرایە ئامانج، بەڵام فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم"، لە راگەیێندراوێکدا، رەتیکردەوە لەو هێرشەدا هیچ سەربازێکیان زیانی پێگەیشتبێت.
دوای ئەو هێرشانە، بلینکن کە هەفتەی رابردوو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو، رایگەیاند ئەگەری زۆرە دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزتر بێت و گوتیشی "هیچ کەسێک نایەوێت بەرەی دووەم و سێیەم لەنێوان ئیسرائیل و حەماس دروست بێت."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی 'چاوەڕێ دەکەین هێرشی بریکارەکانی ئێران بۆ سەر هێزەکانمان و هاووڵاتییانمان زیادبن و ئێمەش هەنگاومان ناوە تاوەکو دڵنیا بین، دەتوانین بەباشی بەرگری لە خەڵکەکەمان بکەین و ئەگەریش پێویستی کرد، وەڵامێکی یەکلاکەرەوەمان دەبێت."