حووسییەکان و موقاوەمەی ئیسلامی: بە درۆن هێرشمان کردە سەر پێنج کەشتی
رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە (موقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق) دەناسێنن و حوسییەکانی یەمەن دەڵێن، بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر پێنج کەشتى لە کەناراوەکانى ئیسرائیل لە دەریاى سپى نێوەڕاست، هێرشێکى دیکەشیان کردووەتە سەر شارێکى ئیسرائیل لە کەناری دەریاى سوور.
موقامەوەی ئیسلامی لە عێراق لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 23ى حوزەیران بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەى بەوەداوە لەگەڵ حوسییەکانی یەمەن دوو هێرشیان بۆسەر پێنج کەشتى لە بەندەرى حەیفا و دەریاى سپى نێوەڕاست ئەنجام داوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، هێرشەکان بە درۆن کراون و چوار کەشتى لە بەندەرى حەیفا کراونەتە ئامانج و پێنجەم هێرشیش بۆسەر کەشتییەکى دیکە کراوە کە لە دەریاى سپى نێوەڕاستەوە بە ئاراستەى بەندەرەکەى ئیسرائیل رۆیشتووە.
هاوکات یەحیا سەریع، گوتەبێژى حوسییەکانی یەمەن لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا ئاماژەى بەوەدا، دوو لەو کەشتیانەى کراونەتە ئامانج چیمەنتۆیان گواستووەتەوە و دووانى دیکەیان باری دیکەیان گواستوەتەوە.
ئەو گرووپانە لە راگەیێندراوێکى دیکەدا دەڵێن، هێرشێکى دیکەیان بە درۆن کردووەتە سەر شارى ئیلاتى ئیسرائیل لە نزیک بەندەرى عەقەبە لە کەناری دەریاى سوور.
موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دواى دەستپێکردنی جەنگى نێوان بزوتنەوەى حەماسى فەلەستین و سوپاى ئیسرائیل لە 7-10-2023 بەو ناوەوە دامەزرا. گرووپەکە پاساوى هێرشەکانى گرێداوە بە هێرشی سوپاى ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە. حوسییەکانی یەمەنیش لە دەستپێکی جەنگەکەوە چەندین درۆن و مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل و کەشتییەکان لە دەریای سوور کردووە.
لە سەرەتاى حوزەیرانەوە (موقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق) بەرپرسیارێتى خۆى لە 17 هێرشى راگەیاندووە کە گوایە بە مووشەک و درۆن کردوویەتییە سەر چەند پێگەیەکى ئیسرائیل، زۆربەیان بۆسەر بەندەرەکانى حەیفا و ئیلات بوون و دوو لەو هێرشانەش گوایە بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپى حوسییەکان کراون.
سوپای ئیسرائیل لەم بارەیەوە هیچی بڵاونەکردوەتەوە، بەڵام رۆژی 10-6-2024 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "دەبێت هەمووان لەوە بگەن ئێستا ئێمە لەشەڕداین دژی حەماس لە غەززە، دژی حیزبوڵلا لە لوبنان، دژی حوسییەکان لە یەمەن، دژی گرووپە میلیشیاکان لە عێراق و سووریا و هەروەها ئێران، لەگەڵ کەرتی رۆژئاوا".