لە تاقیگەیەکی ئەمریکا گۆشتی دەستکرد دروستدەکرێت؛ شێوازەکەی ببینە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەو گۆشتەی لە ڤیدیۆکەدا دەیبینن بەبێ سەربڕینی ئاژەڵ یان پەلەوەر بەرهەم هاتووە؛ گۆشتەکە لە تاقیگەیەکی ئێمێریڤێڵی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا دروستکراوە.
 
لە تاقیگەکەدا ئێستا تەنیا گۆشتی مریشک بەرهەم دێت، بەڵام پلان بۆ بەرهەمهێنانی گۆشتی دیکەش هەیە.
 
گۆشتی دەستکرد چۆن بەرهەم دێت؟ بۆ نموونە مریشکێک دەهێندرێت، بە دەرزی خانەی ماسوولکە، چەوری و ریشاڵی لێوەردەگیرێت و دەخرێتە نێو بەرمیلی تایبەتەوە و ئەو مادانەی کە پێویستە بۆ گەشەی گۆشتەکە، تێی دەکرێت و دواتر دەبێتە گۆشت. ئینجا دەتوانرێت بەدڵی خۆت بەرگر، کینتاکی و سۆسجی لێدروست بکەیت.
 
جەیسن هۆڵ، هاووڵاتییە و گۆشتی دەستکردی تاقیکردووەتەوە، دەڵێت: "تامەکەی خۆشە. رەنگ و رووشی جوانە، ئەوەش بە ئاسانی بەرهەم نایێت. هەست دەکەم زۆر تەندروستە و سوودێکی زۆری بۆ زەوی دەبێت."
 
تاقیگەکە فۆکەسی داهاتووی لەسەر ئەوەیە، رووەک بە تامی گۆشت دروست بکات. ئامانجیشیەتی لە دوو ساڵی داهاتوودا، ساڵانە دوو تۆن و نیو لەو گۆشتە دەستکردە بخاتە بازاڕەوە.
 
گۆشتفرۆشێک لە شاری لەندەن کە ئاگاداری ئەو گۆشتە دەستکردەی ئەمریکایە، بەدڵی نییە و دەڵێت ناتەندروستە. جوان فوێرتیز ناوی ئەو گۆشتفرۆشەیە، دەڵێت: "پێموایە ئەوە زۆر گرنگە بۆ تەندروستیی خەڵک کە بەرهەمی هاوشێوەی ئەمە بخەنە بەردەستی کڕیار، چونکە خۆراکی بەرهەمهێنراو و نا ئۆرگانی، خراپە بۆ تەندروستی."
 
تەندروستیی جیهانی لەبارەی ئەم جۆرە گۆشتەوە رایگەیاندووە، ئەو پرۆسەی بەرهەمهێنانە مەترسی میکرۆبەکانی لەسەر زۆرە، ئەوەش کێشەیەکی جدی دەبێت بۆ ئەوانەی هەستیارن.
 
ئێستا لە ئەمریکا تەنیا مۆڵەت بە هەردوو کۆمپانیای ئەپساید فودز و گود میت دراوە و دەستبەجێ دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووە.
 
سەرباری ئەو رەخنە و تێبینیانەی لەسەر گۆشتەکە هەن، چالاکڤانانی بواری ژینگە بە رێگەیەکی باشی دەزانن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.