سەردانی نارێندرا مۆدی بۆ کۆشکی سپی؛ قۆناخێکی نوێی پەیوەندیی ئەمریکا و هیندستان


رووداو دیجیتاڵ

نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان، بە سەردانێکی سێ رۆژە گەیشتە ئەمریکا و لەلایەن حەوت هەزار هیندستانی-ئەمریکییەوە پێشوازی لێکرا. سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، "من دەمێکە بڕوام وایە کە پەیوەندیی نێوان هیندستان و ئەمریکا دەبێتە گرنگترین پەیوەندی سەدەی 21."
 
نارێندرا مۆدی لە ساڵی 2005 داوای ڤیزەی ئەمریکای کرد، بەڵام رەتکرایەوە. ئێستاش کە لە کۆشکی سپییە، نیگەرانی بەشێک لە بەرپرسە ئەمریکییەکانی لێکەوتووەتەوە. ئەوان مۆدی تۆمەتبار دەکەن بە دەستهەبوون لە تووندوتیژی دژی موسڵمانەکانی هیندستان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ. لەم سەردانەیشیدا، چەندین کۆنگرێسمان دەیانەوێت بایدن پرسی مافەکانی مرۆڤی لە هیندستان لەگەڵدا تاوتوێ بکات.
 
نارێندرا مۆدی لەبارەی سەردانەکەی دەڵێت، "لەدوای کۆڤیدەوە، سیاسەتی جیهان بە شێوەیەکی دیکە دەڕوات. لەم کاتەدا، پەیوەندیی بەهێزی هیندستان و ئەمریکا هاوکار دەبێت لە باشتربوونی هەموو جیهان."
 
لە 1962ەوە، چین و هیندستان لەسەر ناوچەی "ئەکسای چین" کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی هیندستان و ناوچەی "دۆکلەم پلاتاو" و "ئاروناچال پەرادیش" کە دەکەونە رۆژهەڵاتی هیندستان. ناکۆکییان هەیە. ئێستا جیۆپۆڵەتیکی هیندستان کە 3,488 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ چین هەیە، لە هەموو کات زیاتر بۆ ئەمریکا گرنگە.
 
هەروەها لە ساڵی 1947ەوە، ناکۆکی لەنێوان هیندستان و پاکستان لەسەر ناوچەی کێشەلەسەری کشمیر سەریهەڵداوە و تائێستاش بەردەوامە.
 
چین و پاکستان پەیوەندییەکی پتەویان هەیە. هیندستانیش لەگەڵ رووسیا پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە. لەنێوان ساڵانی 2018 بۆ 2022، ٪45ـی چەکی هاوردەکراوی بەرگریی هیندستان لە رووسیاوە بووە.
 
سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ چین، هیچی لێ سەوز نەبوو، بۆیە ئەمریکا ناچار بوو پەنا بۆ پلانی بی ببات، کە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ هیندستان.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "ئێمە رووداوێکمان هەبوو کە هەندێک پشێوی دروستکرد. بلینکن سەردانی چینی کرد و منیش پێشبینی دەکەم لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ شی ژین پینگ کۆببمەوە. پێموایە سەردانەکەی بلینکن دەرئەنجامێکی راستی نەبوو."
 
ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت، لەنێوان بایدن و مۆدی تاوتوێ بکرێت، پرسی کڕینی چەکی بەرگریی هیندستانە لە ئەمریکا، لە جیاتی رووسیا. هەروەها گۆڕینی تێڕوانینی هیندستانە لە بارەی شەڕی ئۆکرایناوە کە تاوەکو ئێستا سەرکۆنەی هێرشەکەی رووسیای بۆ سەر ئۆکراینا نەکردووە و هیچ گەمارۆیەکی نەخستووەتە سەر رووسیا.