بەشێک لە موسڵمانانی ئەڵمانیا لە کەنیسەیەکدا نوێژ دەکەن
رووداو - هەولێر
لە بەرلینی ئەڵمانیا کەنیسەیەک دەرگەی بەڕووی نوێژخوێنە موسڵمانەکاندا کردووەتەوە، چونکە بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا ناتوانن لە مزگەوتەکان نوێژبکەن و جێگەیان نابێتەوە.
لە چواری ئەم مانگە ئەڵمانیا رێگەی بە کردنەوەی پەرستگەکاندا، بەڵام بە جێبەجێکردنی رێکارە تەندروستییەکان و دەبێت، سەردانیکەران مەتر و نیوێک دووریی نێوانیان بپارێزن، بەوهۆیەوە مزگەوتی دار سەلام لە شاری نیوکۆڵن کە رووبەرەکەی بچوکە توانای لەخۆگرتنی هەموو موسڵمانانی شارەکەی نییە.
بەڵام کەنیسەی مارتا لوتێران لە کریوزبێرگ هاوکاریی موسڵمانەکانی کردووە و بۆ نوێژی هەینی لە مانگی رەمەزان دەرگەی بۆ کردوونەتەوە.
ئیمامی مزگەوتەکە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، "ئەوە نیشانەیەکی باش و دڵخۆشکەرە، خۆشی لە رەمەزان و لەم کاتی قەیرانەدا بۆ هێناوین. ئەم پەتایە (کۆرۆنا) ئێمەی وەکو یەک کۆمەڵگە نیشاندا و قەیرانەکان خەڵکی زیاتر لێک نزیکدەکەنەوە".
دوێنێ هەینی، فرانک وۆڵتەر شتاینمەر، سەرۆکی ئەڵمانیا هاتنی جەژنی رەمەزانی لە موسڵمانانی وڵاتەکەی پیرۆز کرد و جەختی لەوە کردەوە، رێگە نادەن لە ئەڵمانیادا هێرشبکرێتە سەر موسڵمانان و مزگەوتەکان.
بەگوێرەی هەندێک ئاماری نافەرمی ساڵی 2016، نزیکەی چوار ملیۆن و 500 هەزار موسوڵمان لە ئەڵمانیا دەژین، واتە نزیکەی %5.5ـی دانیشتووانی وڵاتەکە پێکدەهێنن.