شایەتحاڵان باسی ساتی هێرشی سەر هۆڵەکەی مۆسکۆ بۆ رووداو دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
شایەتحاڵان باسی ساتەوەختی هێرشی سەر هۆڵی کۆنسێرتەکانی مۆسکۆ بۆ رووداو دەکەن کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 133 کەس.
بە دەیان ئۆتۆمبێلی ئەمبووڵانس و ئاگرکوژاندنەوە و بە سەتان ئەندامی هێزە ئەمنییەکان، لە نزیک گەورەترین هۆڵی کۆنسێرتەکانی مۆسکۆ کۆبوونەتەوە.
هێرشەکەی شەوی هەینی کە کرایە سەر هۆڵێکی ئاهەنگگێڕانی باکووری مۆسکۆ، بوووە هۆی کوژرانی لانیکەم 133 کەس کەس و برینداربوونی زیاتر لە 100 کەسی دیکە.
دوو کاژێر لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشەکە، تیمی رووداو لە شوێنی رووداوەکە ئامادە بوون.
ئەو کەسانەی لە هێرشەکە رزگاریان بووە، لە شوێنی رووداوەکە دوورخراونەتەوە. بریندارەکان بە ئەمبووڵانس و هێلیکۆپتەر بەرەو نەخۆشخانەکان گوازرانەوە.
هێلیکۆپتەری ئاگرکوژێنەوەش لە ئاسمانەوە ئاویان بەسەر ئاگری هۆڵەکەدا دەپرژاند، لەبەر ئەوەی چوونە نێو هۆڵەکە مەترسیدار بوو.
یەگۆر کاراڤایتسەڤ، دانیشتووی مۆسکۆ یە و لەبارەی هێرشەکە بە رووداوی گوت: "کاتێک گەیشتمە ئێرە، بینیم چەند کەسێک دەخەنە نێو ئەمبووڵانس. من چەند بریندارێکم بینی، بەڵام تەرمی کوژراوم نەبینی. هاتم و بە پزیشکەکانم گوت؛ دەتوانم هاوکاریتان بکەم و چی بکەم؟ بەڵام ئەوان گوتیان پێویستمان بە هاوکاریی نییە و خۆمان هەموو شتەکان دەکەین."
ئۆلگا، هونەرمەندێکی رووسییە و لە نزیک شوێنی هێرشەکە بە رووداوی گوت: "ئەمە کارەساتە. لە هەموو ژیانم کارەساتی وام نەبینیوە. من لە رێگەدا دەڕۆیشتم، ئەمەم بینی و هاتم بۆ هاوکاریکردن."
داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و گوتی، چوار لە چەکدارەکانی هێرشەکەی مۆسکۆیان ئەنجامداوە کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 133 کەس.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لانیکەم پێنج منداڵ لەنێو کوژراوەکاندا هەن. هەر بۆیەشە لە شوێنی دانانی تاجەگوڵینە و مۆم لە بەردەم ئەو هۆڵەی هێرشی کرایەسەر، بۆ بیرەوەریی منداڵەکان، بووکەڵەی منداڵانیش دادەنرێت.
دیمیتری، خوێندکاری زانکۆیە و باس لەوە دەکات، "ماڵم لێرەوە دوورنییە. کاتی رووداوەکە، سووتانی هۆڵەکەمان لە دوورەوە بینی. خۆشبەختانە کەسوکارمان لەنێو کوژراوەکان نین، بەڵام زۆربەی قوربانییەکان هاوشاریمانن. چەپکەگوڵمان هێناوە بۆ ئەوەی رۆحی قوربانییان بەبیربهێنینەوە."
یولیا، شێفە و بە رووداوی راگەیاند، "کەسوکارم لەنێو کوژراوەکان نین، بەڵام بەهۆی ئەوەی ماڵم لەو دیو هۆڵەکەیە رووداوەکە لەبەرچاومان روویدا. بینیمان خەڵک چۆن لە هۆڵەکە دێنە دەرەوە و رادەکەن."
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بەهۆی رووداوەکەوە، 24ـی ئاداری وەکو رۆژی شینی نەتەوەیی راگەیاند.