ئەنتۆنی بلینکن: ئەگەر رووسیا بارگرژییەکان زیاد بکات، ئێمەش گەمارۆکان زیاد دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

کۆشکی سپی چەند مانگێکە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دەکات بۆ سەپاندنی گەمارۆی ئابووریی بەسەر رووسیا. جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دەڵێت: "داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن رووسیاوە کە دەمێکە چاوەڕوان دەکرا، دەستی پێکرد و وەڵامی ئێمەش دەستی پێکرد."
 
دالیپ سینگ، جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی: "ئەمڕۆ سەرۆک بە تووندی وەڵامی دایەوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکان بە خێرایی کارێکی مێژوویی بوو. گەمارۆکانی پێشوو، چەند هەفتە و چەند مانگیان پێ دەچوو بۆ ئەوەی وەڵامێکی لەم شێوەیە بدەینەوە، ئەم جارە یەکەم بەشی گەمارۆکانمان لە کەمتر لە یەک رۆژدا راگەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانی یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا، کەنەدا، ژاپۆن و ئوستورالیا."  
 
هەرچەندە کاربەدەستانی ئیدارەی بایدن دەڵێن، ئەو گەمارۆیانەی کە ئێستا سەپێنراون بەشێوەیەک داڕێژراونەتەوە کە زیانەکانی بۆسەر ئابووریی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کەم بێت، بەڵام گەمارۆکانی سەر رووسیا تەنیا بەشێکن لەو پاکێجەی کە کۆشکی سپی دەڵێت، بۆ سزادانی رووسیا ئامادەی کردووە، لەگەڵ هەر هەنگاوێکی دیکەی رووسیا، ئەمریکا بە نیازی سەپاندنی گەمارۆی "توندتر و توندترە." 
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کرد: "ئەگەر رووسیا بەردەوام بێت لەسەر شەڕەنگێزییەکانی لە دژی ئۆکراینا، ئەوە رووبەڕووی دەرەنجامی زۆر گەورە دەبێتەوە، نەک تەنیا لەلایەن ئەمریکاوە بەڵکو هەموو هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان ئەوەیان روونکردووتەوە کە وەڵامیان دەبێت، ئەگەر رووسیا بارگرژییەکان زیاد بکات، ئێمەش گەمارۆکان زیاد دەکەین." 
 
لە هەمان رۆژی راگەیاندنی گەمارۆکانی سەر رووسیا، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ 99 دۆلار و نیو بەرزبووەوە، بەوەش تۆماری حەوت ساڵی رابردووی شکاند. کاربەدەستانی کۆشکی سپی هەوڵی کەمکردنەوەی نیگەرانیی ئەمریکییەکان دەدەن، بەڵام نایشارنەوە کە سەپاندنی گەمارۆ و داکۆکی کردن لە ئۆکراینای دۆستیان پێویستی بە قوربانیدانی ئەمریکییەکانیشە. 
 
جێن ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد: "راستییەکە ئەوەیە کە داکۆکی کردن لە بەهاکان بەبێ تێچو نابێت،  سەرۆک، بە تیمی ئاسایشی نیشتمانی گوتووە کە دەیەوێت هەمو بژاردەکان تاوتوێ بکرێن، دەیەوێت تیمەکەی هەموو هەنگاوێکی لە داهاتوو بگرنە بەر بۆ ئەوەی دەستیان بگات بە سەرچاوەکانی بەرهەمهێنەری وڵاتانی دیکە و هەموو ئەو بژاردانەی کە کاریگەریی قەیرانەکە لەسەر ئەمریکییەکان کەمدەکاتەوە، بخەنە بەردەستی سەرۆک. لە کاتێکدا کە گەمارۆکان هەڵدەسەنگێنێت، تەماشای ئەو بژاردانەش دەکات، ئەمە پەیوەستە بە داکۆکی کردن لە بەها ئەمریکییەکانەوە." 
 
لە ئەگەری سەپاندنی گەمارۆی زیاتردا بە سەر رووسیا، ئەمریکا جگە لە پەنابردن بۆ وڵاتانی هاوپەیمانی بەرهەمهێنی نەوت، بۆ خۆیشی بیر لە خستنە بازاڕی نەوتی پاشەکەوتکراوی کۆگە ستراتیژییەکانی دەکاتەوە، هەروەها کاربەدەستانی واشنتن تاوتۆی هەڵگرتنی باج لەسەر نەوت و گاز لە نێو خۆی ئەمریکادا دەکەن، وەکو هەنگاوێک بۆ سەقامگیرکردنی نرخەکان.