رووداو دیجیتاڵ
داواکارانی گشتیی فیدڕالیی ئەڵمانیا رۆژی هەینی رایانگەیاند، دوو هاووڵاتیی سووریاییان تۆمەتبارکردووە بەوەی کە 10 ساڵ لەمەوبەر لە ریزەکانی داعشدا تاوانی جەنگیان لە دیمەشق ئەنجامداوە.
ئەو دوو پیاوە بە ناوەکانی محەممەد و ئیسماعیل مانگی ئادار دەستگیرکرابوون و تۆمەتبارن بە ئەندامبوون لە رێکخراوێکی "تیرۆرستی" بیانی و "بە بارمتەگرتنی خەڵک کە مردنی لێکەوتووەتەوە."
ئیسماعیل هەروەها تۆمەتبارە بە کوشتنی ئەو کەسانەی کە بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی دەبێت بپارێزرێن.
هەروەها محەممەد لە کۆتایی ساڵی 2013 چووەتە نێو داعش و فەرماندەیی گرووپێکی 200 چەکداری کردووە.
لە راگەیێندراوێکدا، داواکارانی گشتیی ئەڵمانیا دەڵێن، "لە کۆتایی ساڵی 2013، محەممەد لەگەڵ یەکەیەکی شەڕکەری داعش کە لەژێر فەرماندەیی ئەودا بووە، دوو دژبەری رێکخراوەکەیان رفاندووە."
رفێنراوەکان لە شوێنێکی دەستبەسەرکردنی سەر بە داعش هێڵرابوونەوە و دواتر لەگەڵ 10 بەندکراوی دیکە، "لەسێدارە درابوون."
هەروەها ئیسماعیل تۆمەتبارە بەوەی لە ساڵی 2013، وەکو شەڕکەر چووەتە نێو داعش و لە رفاندنی ئەو کەسانەی لە سەرەوەدا باسکران، بەشدار بووە.
دادگەی دۆسڵدۆرف بڕیاردەدات کە ئایا ئەو دوو پیاوە دەستگیرکراوە دادگاییدەکرێن یان نا.
ئەڵمانیا لە ماوەی شەپۆلی کۆچبەرانی ساڵانی 2015 و 2016 سەدان هەزار کۆچبەری سووریایی وەرگرت و لەو کاتەوە ژمارەیەکیانی بە تۆمەتی ئەوەی کاتێک لە سووریا بوون تاوانیان کردووە، دەستگیرکردووە.
پێشتریش بنەمای دادپەروەریی جیهانیی بەکارهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە چەند تاوانێکی گەورە کە لە لایەن سووریاییەکانەوە ئەنجامدراون. ئەو بنەمایە رێگە بە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە دەدات کە لە دەرەوەی ئەڵمانیا کراون.
یەکێک لە دۆسیە هەرە دیارەکان، لە دژی کۆڵۆنێلێکی سەر بە حکومەتی سووریا کرایەوە، کاتێک لە کانوونی دووەمی 2022، تۆمەتی تاوانی جەنگی بەسەردا ساخکرایەوە و سزای بۆ دەرکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ