دەنگێکی گەورە لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لەندەن بیسترا
رووداو دیجیتاڵ
لەنزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لەندەن دەنگێکی گەورە بیسترا، ئەوە دوای ئەوەی "پاکێجێکی گوماناوی" لەو ناوچەیە دۆزرایەوە.
پۆلیسی لەندەن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "پشتڕاستی دەکەینەوە کە کەمێک پێش ئێستا دەنگێکی گەورە لە ناوچەکە (نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا) بەهۆی تەقینەوەیەکی کۆنترۆڵکراوەوە بیسترا". پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد، پۆلیس لە ناوچەکەیە و سەرقاڵی کاری خۆیەتی.
پێش "دەنگە گەورەکە"، پۆلیس "پاکێجێکی گوماناوی" لە نزیک باڵیۆزخانەکە دۆزیبووەوە، بەڵام زانیاری زیاتری لەبارەیەوە ئاشکرانەکرد.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی ناین ئێڵمزی شاری لەندەنە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، پۆلیس لە دەرەوەی باڵەخانەکەیان لێکۆڵینەوە لە "پاکێجێکی گوماناوی" دەکات؛ ئاماژەی بەوەش کرد، پۆلیس رێگەکانی ناوچەکەی داخستووە.
پێشتر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی مایفایەر بوو، بەڵام ساڵی 2018 بە هۆکاری ئەمنی بۆ ئەو ناوچەیەی ئێستای گوێزرایەوە.