بەشێک لە بەریتانییەکان بۆ لابردنی سترێس باوەش بە مانگادا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە یۆرکشایەری رۆژهەڵات لە بەریتانیا، هەر هاووڵاتییەک هەست بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ بکات، سەردانی کێڵگەیەکی بەخێوکردنی مانگا دەکات و لە بەرامبەر بڕە پارەیەک باوەش بە مانگایەکدا دەکەن.
ئامی، سەردانیکارێکی کێڵگەکەیە و دەڵێت، "سەرنجڕاکێشە. حەزم پێی کرد. بەدەست ناڕەحەتی و خەمۆکییەوە گیرۆدەم، کە باوەشی پێدا دەکەم هەموو خەمێک لەبیردەکەم. شتێکی خۆشە. ئەزموونێکی زۆر نایابە".
سەردانیکاران دەڵێن، کە باوەش بە مانگاکاندا دەکەن و دەستیان پێیادا دەهێنن، هەستێکی خۆشیان لا دروست دەبێت.
لە بەرامبەر هەر باوەش پێداکردنێک، فیۆنا ویڵسنی خاوەن کێڵگەکە 13 دۆلار لە خەڵک وەردەگرن.
فیۆنا ویڵسن، جوتیار و خاوەن کێڵگەکە دەڵێت، "زۆر خەڵک پێیان وایە دانیشتن لەگەڵ مانگا زۆر ئارام بەخشە. هەست بە گەرمییەکەی دەکەن. هەست بە لێدانی دڵی دەکەن".
سەردانیکاران دەڵێن بە چاوی مانگاکەوە دیارە، ئەویش حەزی بە باوەشە.
کرەیگ، سەردانیکارێکی دیکەیە و دەڵێت، "پێموایە مانگا سوورەکەم خۆش ویست. نەمتوانی تەنیا جێی بهێڵم. هەستێکی خۆش بوو".
بەشێک لە پسپۆڕان دەڵێن، باوەشکردن بە مانگادا دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنی ئۆکسیتۆسین کە بە هۆرمۆنی خۆشەویستی ناسراوە و ئاسوودەیی بە مرۆڤ دەبەخشێت کاتێک تێکەڵی کەسە نزیکەکانی دەبێت.