رێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی هۆڵەندا تائێستا 50%ـیە

 
رووداو دیجیتاڵ 

تاوەکو کاژێر 6ـی ئێوارە بە کاتی ئەمستردامی پایتەختی هۆڵەندا (8:00 بە کاتی هەولێر) رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی هۆڵەندا 50٪ بووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2023، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی هۆڵەندا دەستیپێکرد، کە 13 ملیۆن و 300 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە. 
 
بەگوێرەی میدیای هۆڵەندی، تاوەکو کاژێر 6ـی ئێوارە بە کاتی هۆڵەندا (8:00 بە کاتی هەولێر) رێژەی بەشداری 50٪ بووە، ئەمەش 5٪ـی کەمترە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2017.
 
بڕیارە پرۆسەی دەنگدان تاوەکو کاژێر 11ـی شەو بە کاتی هەولێر بەردەوام بێت. 
 
هەروەها میدیای هۆڵەندا، ئەوەشی ئاشکرا کردووە، تائێستا 62 هەزار و 808 هۆڵەندی لە دەرەوەی وڵات دەنگیان داوە، کە دەکاتە 60٪ـی ئەو هۆڵەندیانەی لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەیە، کە زیاتر لە 100 هەزار کەسە.
 
ئەمەش لەکاتێکدایە لە شاری ئەمستردامی پایتەختی هۆڵەندا تاوەکو کاژێر 6ـی ئێوارە، رێژەی دەنگدان 53٪ بووە.
 
هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی هۆڵەندا، لە دوای ئەوەدێت کە لە مانگی تەممووزی رابردوو، مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هۆڵەندا و سەرۆکی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کابینەکەی دا، دوای ئەوەی لەسەر چۆنێتی چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران رێکنەکەوتن. 
 
بەربژێری پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی بۆ ئەم هەڵبژاردن، خانمێکی کوردە بەناوی دیلان یەشیلگۆزە و ئەگەر پارتەکەی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، ئەوا دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی هۆڵەندا.
 
پەرلەمانی هۆڵەندا، لە 150 کورسی پێکهاتووە و بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە، پارتی براوە پێویستی بە 76 کورسییە.