کوردانی هۆڵەندا بەهیوای بردنەوەی بەربژێرێکی کورد بەشداری لە هەڵبژاردنی گشتیی ئەو وڵاتە دەکەن

رووداو - ئەمستەردام 

لە کاژێرەکانی بەیانیی ئەمڕۆوە، ئاڵا کە خەڵکی سلێمانیی باشووری کوردستانە لە رێگەی دەنگدان بوو لە شاری ئەمستلفەین، ئەو خانمە کە 31 ساڵە لە هۆڵەندا دەژی، باس لەوە دەکات ئەو هەڵبژاردنە تایبەتمەندیی زیاتری لەلای ئەو هەیە.
 
ئاڵا عەنبەرخان، دەنگدەر لە هۆڵەندا بە رووداوی گوت "ئەمجارە لەبەر دیلان زۆر پێمان خۆشە، بەڕاستی دەمانەوێت ئەو دەنگ بەدەستبهێنێت، لەبەرئەوەی شوێنێکی تایبەتی دەبێت، بۆیە بەلامانەوە زۆر گرنگە.''
 
تیمی رووداو لە ئەمستەردام چوونە خواردنگەیەکی کوردێکی باشووری کوردستان. ستار مەحموود دوای راپەڕینی ساڵی 1991ـی باشووری کوردستان، چووەتە هۆڵەندا و، 18 ساڵە لەنێو بازرگانیی رێستۆرانتدایە، جاری پێنجەمیشە دەنگ دەداتە پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراتی، کە ئێستا دیلان یەشیلگۆز، خانمێکی کوردی هۆڵەندی سەرۆکایەتیی دەکات.
 
ستار دەڵێ "ئەم هەڵبژاردنە زۆر تایبەتە بۆ من. هەمووجار دەنگم داوە و دەنگیشم بۆ کۆکردوونەتەوە، راستە ئەو کاتە کوردێکی وا بەنێوبانگی تێدا نەبوو وەکو دیلان خان، ئەمجارە کە بووەتە سەرۆکی حیزب، زۆر تایبەتە. ئەمە لە دوولاوە بۆ ئێمە مایەی شانازییە، لەبەرئەوەی حیزبەکەمانە کە ئێمە دەمانەوێت بێتەوە سەر حوکم، هەروەها ئەمجارە لەڕێگەی دیلان خانەوە کە سەرۆکی حیزبەکەیە.''
 
ژیان سورچی و کچەکەی لە خواردنگەکەی ستار دانیشتوون و پێش ئەوەی کەباب بخۆن قسەیان بۆ رووداو کرد، باسی ئەوەیان کرد لەسەر چ بنەمایەک ئەمڕۆ دەنگیان داوە. 
 
ژیان دەڵێ "من، یەکەمجار لەسەر بنەمای کوردایەتی دەنگم  بۆ فێ فێ دەی ـدا، لەبەرئەوەی دوو بەربژێری کوردیان هەیە، زۆر بە خۆشحاڵی و سەربڵندی چونکە کوردم و ئەوانیش کوردن، هەندێک را و بۆچوونم لەگەڵ ئەو پارتە نەبوو، بەڵام لەبەرئەوەی کوردی تێدا بوو، دەنگم پێیان دا.''
 
هاوڕێ رەحیمی خەڵکی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانە و، دوو ساڵی رابردوو پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە بووە، چاوەکانی لەسەر 20 هەزار دەنگە بۆ ئەوەی دووبارە یەکێک لە 150 کورسییەکەی پەرلەمانی هۆڵەندا بەدەستبهێنێت.  
 
هاوڕێ رەحیمی قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ " لێرە، هەمیشە دەڵێین جەژنی دیموکراسییە، لە زۆر جێگەی دونیا لەو رۆژەدا ناتوانی دەنگ بدەی، دەنگەکەت هیچ سوودی نییە، بەڵام لە وڵاتی هۆڵەندا زۆر گرنگە لە هەر شارێک بیت، بتوانین دەنگ بدەی.''
 
تاوەکو کاژێر 09:00ـی شەو بە کاتی هۆڵەندا، ناوەندەکانی دەنگدان کراوەن و هەمان شەویش ئەنجامی نافەرمیی دەنگدان بڵاودەبنەوە.