خەڵاتی ساخارۆڤ بە ئۆپۆزیسیۆنی بیلاڕووس بەخشرا
رووداو دیجیتاڵ
براوەی خەڵاتی ساخارۆڤی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا ئاشکرا کرا و بەخشرا بە گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی دیموکراسیی بیلاڕووس.
ئەم خەڵاتە بەرزترین خەڵاتی یەکێتیی ئەوروپایە لە بواری مافی مرۆڤدا، ساڵانە لەلایەن پەرلەمانی یەکێتییەکەوە بەو کەسانە دەبەخشرێت کە لە بواری بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین کاردەکەن.
خەڵاتەکە لە ساڵی 1988ـەوە لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە دەدرێت بەوانەی لەو بوارەدا کاریان کردووە، یەکەم کەسیش کە خەڵاتەکەی وەرگرت نێڵسن ماندێلا، سەرۆکی پێشووی ئەفریقای باشوور بووە.
رۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆڤی ساڵی 2020ی ئاشکراکرد کە دراوە بە جووڵانەوەی ئۆپۆزیسیۆنی رووسیا بە سەرکردایەتیی سڤیاتلانا سیخانۆسکایا، بەهۆی ئەو کارانەی لە ماوەی رابردوودا لە بیلاڕووس ئەنجامیان داوە، بەتایبەت دوای ئاڵۆزییەکانی بیلاڕووس بەهۆی رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە لەلایەن ئۆپۆزیسیۆن و رووبەڕووبوونەوەی ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاڕووس.
یەکێک لە بەربژێرەکانی ئەمساڵیش قەشە نەجیب میخایل بوو، کە کریستیانی دانیشتووی موسڵە و هاوکار بووە لە پاراستنی چەندین دۆکیۆمێنتی مێژوویی کریستیانەکان لەکاتی هێرشەکانی داعشدا بۆ موسڵ و گەیاندنی دۆکیۆمێنتەکان بە هەرێمی کوردستان کە نزیکەی 800 دەستنووس دەبن و مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی 13 تاوەکو 19ی زاینی.
دەیڤد ساسۆلی، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند "مایەی شەرەفێکی گەورەیە پێتان رابگەیێنم کە بڕیاردرا خەڵاتی ساخارۆڤی ئەمساڵ سەبارەت بە ئازادیی رادەربڕین بدرێت بە ئۆپۆزیسیۆنی دیموکراسی لە بیلاڕووس".
خەڵاتی ساخارۆڤ ساڵی 1995 بەخشرا بە لەیلا زانا، سیاسەتڤانی باکووری کوردستان. ساڵی 2016 خەڵاتەکە بەخشرا بە نادیە موراد کچە کوردی ئێزدی و باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەمیا حاجی بەشیر کچە کوردی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش.