ئەردۆغان: ئامانجمانە قەبارەی بازرگانیمان لەگەڵ ئەمریکا بگەیێنینە 100 ملیار دۆلار

22-09-2023
هەوار ئیسماعیل
ئەردۆغان لە کاتی پێشکێش کردنی گوتاردا لە ئەمریکا
ئەردۆغان لە کاتی پێشکێش کردنی گوتاردا لە ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا و ئەنجوومەنی بازرگانیی (تورکیا - ئەمریکا) لە نیویۆرک کۆبوونەوە و باسیان لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان وڵاتەکانیان کرد. ئەردۆغان رایگەیاند، ئامانجیانە قەبارەی بازرگانییان لەگەڵ ئەمریکا بگەیێننە 100 ملیار دۆلار.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، "چالاکییە ئابووری و بازرگانییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا رەهەندێکی گرنگی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمانە. قەبارەی بازرگانیی دوولایەنەمان لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا 1.5 هێندە زیادیکردووە. ئەمریکا دووەم وڵات بوو کە زۆرترین هەناردەمان بۆ کرد و پێنجەمین وڵات بوو کە ساڵی رابردوو زۆرترین هاوردەمان لێی کرد. تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو قەبارەی بازرگانیی دوولایەنەمان زیاتر لە 15% زیادیکرد و 32 ملیار دۆلاری تێپەڕاند، بەڵام ئامانجمان گەیشتنە بە 100 ملیار دۆلار."
 
ئەمریکا و تورکیا هەرچەندە لە چوارچێوەی ناتۆدا هاوپەیمانییەکی درێژخایەنیان هەیە، بەڵام لە چەندین بابەتدا ناکۆکن، لەوانەش پرسی دیموکراسی و سەروەریی یاسا لە ناوخۆی وڵاتدا، سیاسەتی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و چەند پرسێکی دیکەی ناوچەیی و جیهانی.
 
ئەردۆغان رایگەیاند، "لە سیاسەتی دەرەوەدا بە نزیکبوونەوە بە دیدێکی فراوان، هەوڵدەدەین بە شێوەیەکی کاریگەر سوود لە پێگەی ستراتیژیی وڵاتەکەمان وەربگرین بە باشترین شێوە، پێشبینی دەکەین لە زووترین کاتدا ئاستەنگەکانی بەردەم پەرەپێدانی هاوکاریمان لە بواری پیشەسازیی بەرگریدا نەمێنن."
 
دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ئایاری ئەمساڵ، ئەردۆغان قۆناخێکی نوێی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە دەستپێکرد. مانگی رابردوو لەگەڵ وڵاتانی سعودیە، قەتەر و ئیمارات بە بەهای زیاتر لە 50 ملیار دۆلار ژمارەیەک رێککەوتنی واژۆ کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە