پۆستی دادوەری باڵا.. گرێکوێرەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە خاتوو رۆت گێنسبۆرگ، دادوەری لیبراڵی و بەرگریکاری مافەکانی ژنان و چالاکڤانی سیڤیل کۆچی دواییکردووە، بەگوێرەی چەند راپۆرتێک، ئەم دادوەرە وەسیەتی بۆ کچەکەی کردووە کە مرد پۆستەکەی لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و لەلایەن سەرۆکی نوێی ئەمریکاوە پڕبکرێتەوە.
هەرچەند جۆ بایدنی بەربژیری دیموکراتەکانیش جەختی لەوەکردەوە وەسیەتی دادوەرەکە جێبەجێبکرێت، بەڵام ترەمپ لە بانگەشەیەکی جەماوەریی هەڵبژاردنەکاندا ئەو داواکارییەی پشتگوێخست، گوتی کۆتایی ئەم هەفتەیە پۆستەکە بە ئافرەتێک پڕدەکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، "بەر لە هەموو شتێک، دەزانن زۆر بە قورسی کاردەکەین دادوەری سێیەمی دادگای باڵا دیاری بکەین. من خۆم ئەو کەسە هەڵدەبژێرم. تەنیا شتێک بە ژنانی دەڵێم.. ژنێک بۆ ئەو پۆستە هەڵدەبژێرم".
ئەو بابەتە بووەتە گرێکوێرەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بایدن نایەوێت پڕکردنەوەی پۆستەکە پارسەنگی هێزی دەنگ بەلای ترەمپ بشکێنێتەوە. چونکە گێنسبۆرگ یەکێکە لە چوار دادوەری لیبراڵی لە دادگەی باڵای ئەمریکا کە لە نۆ دادوەر پێکهاتوون، ئەگەر شوێنی گێنسبۆرگ بە دادوەرێکی کۆنسێرڤاتیڤ پڕبکرێتەوە، ئەوا پارسەنگی دەنگی زۆرینە بەلای ترەمپ دەبێت.
دادوەرانی دادگەی باڵای ئەمریکا بەدرێژایی تەمەنیان لە پۆستەکەیان دەمێننەوە مەگەر خۆیان دەستلەکاربکێشنەوە یان کۆچی دوایی بکەن. بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی باس لە گرنگیی پۆستی دادوەری دەکەن کە بۆچی لەم کاتەدا لەوانەیە کاریگەریی بەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەوە هەبێت.
بیڵ بارۆو، شرۆڤەکاری سیاسییە و باس لەوە دەکات، "ئێمە قسە لەسەر ئەوە دەکەین کە سەرۆک بە نیازە بۆ هەمیشە پۆستی دادگای باڵای ئەم خاکە پڕبکاتەوە، ئێمە باسی تاکە کورسی دەکەین کە پەیوەندی بە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە هەیە، ئەم بابەتە بە حزبایەتی کراوە... ئەمانە پۆستی تەمەنن، پێگەی زۆر بەهێزن، زۆربەی ئەمریکییەکان نازانن ئەمانە کێن".
مردنی دادوەر رووت کە بووەتە بارگرانی بەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن لە ئەمریکا، هاوکاتە لەگەڵ قەیرانی کۆرۆنا، ئەو نەخۆشییەی کە بڵاوبوونەوەکەی بۆ بەربژێرێک بووەتە کارتێکی گوشار و بۆ بەربژێرەکەی دی لە چاوەڕوانی دروستکردنی ڤاکسینێک بووەتە بەڵایەکی گەورە.