لە چین بەهۆی لێچوونی گاز رێستۆرانتێک تەقییەوە و 31 کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی لێچوونی گاز لە رێستۆرانتێکی شاری ینچوان لە چین، تەقینەوەیەک روویدا و 31 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
میدیای فەرمی چین ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 22-6-2023) رایگەیاند "بەهۆی لێچوونی گازی شلکراوەوە، تەقینەوەیەک لە رێستۆرانتێکی گۆشت برژاندن روویدا". تەقینەوەکە لەکاتێکدایە، فێستیڤاڵی بەلەمی دراگۆن بەڕێوەدەچێت و لە رۆژی یەکەمیدا بووە.
 
9 کەس لە دوای تەقینەوەکە دەستگیرکران، کە پێکهاتبوون لە خاوەن و ستافی رێستۆرانتەکە.
 
جگە لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، 7 کەسی دیکە لە رووداوەکەدا برینداربوون و چارەسەری پزیشکییان بۆ کراوە. دوو کەسی دیکەش بە سەختی سووتاون و دوو کەسی دیکەش بەهۆی پارچەی شووشەوە بە سووکی برینداربوون.
 
بەشێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، خوێندکاری ئامادەیی و هاووڵاتی خانەنشینن. زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی تەنگەنەفەسییەوە بووە، بەهۆی ئەو دووکەڵەی ئاگرەکە دروستیکردووە.
 
تەقینەوەکە رۆژی چوارشەممە، کاژێر 3:40 خولەکی دوانیوەڕۆ بەکاتی هەولێر لە رێستۆرانتی فویانگ روویداوە کە لە ناوجەرگەی شاری ینچوانە.
 
میدیای فەرمی چین باسی لەوەکردووە، شی جین پینگ، سەرۆکی چین لەسەر رووداوەکە هاتووەتە دەنگ و داوایکردووە تەواوی بریندارەکان بە زووترین کات چارەسەربکرێن و رێکارەکانی سەلامەتی تووندتر بکرێن.
 
هەروەها سەرۆکی چین داوایکردووە، بە زووترین کات لێکۆڵینەوەی ورد لە هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە بکرێت و ئەوانەی بەرپرسن لێی، بە سزا بگەیێنرێن.
 
وەزارەتی فریاگوزاری خێرای چین دەڵێت، هەر لە سەرەتای رووداوەکەدا، 20 ئۆتۆمبێل و 100 ئەندامی تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوەکە و لە ماوەی کەمتر لە 20 خولەکدا، تەواوی خەڵکەکەیان رزگارکردووە.