نەرویج، ئێرلەندا و ئیسپانیا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێن و ئیسرائیل هەڕەشە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
نەرویج و ئیسپانیا لە 28ی ئایاری 2024 دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێن و ئیسرائیلیش باڵیۆزەکانی لەو وڵاتانە بانگ دەکاتەوە بۆ لێپرسینەوە. هاوکات ئێرلاندیش دانی بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا، سلۆڤینیاش بەنیازە دان بە دەوڵەتەکەدا بنێت.
یۆناس گار، سەرۆکوەزیرانی نەرویج رایگەیاند، 28ی ئایاری ئەم ساڵ دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێن و "بەبێ داننان پێیدا، ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرقەرار نابێت." هەریەک لە ئێرلەندا و ئیسپانیاش لە پلانیاندایە هەمان هەنگاو بگرنەبەر.
سەرۆکوەزیرانی نەرویج لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا 28ی ئایاری دیاریکرد بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا و گوتیشی، "کردەوەی تیرۆرستی لەسەر دەستی حەماس و گرووپە چەکدارییەکان کراوە، کە پاڵپشتی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی ناکەن."
گار جەختی کردەوە، "دەوڵەتی سەربەخۆ مافی بنچینەیی فەڵەستینە."
نەرویج ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا نییە، بەڵام لە سیاسەتی دەرەوە و چەندین پەیڕەوی دیکەی ناوخۆیی و دەرەکیدا، ئاوێنەی یەکێتییەکەیە.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند، لەبەر چەند هۆکارێک ئەو بڕیارەمانداوە، بەڵام دەتوانین لەم سێ وشەیەدا کۆی بکەینەوە، لەپێناو "ئاشتی، دادپەروەری و بەردەوامی."
هەروەها دەڵێت، پێویستە رێز لە چارەسەری دوو دەوڵەت بگیرێت و گرەنتی ئاسایش هەبێت. هەروەها گرنگە کە هەردوولا دەست بە دانوستاندن بکەن.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکوەزیرانی ئێرلاند رایگەیاند، چارەسەری دوو دەوڵەت تەنیا رێگەی راستە بۆ ئاشتی.
سیمۆن هاریس، سەرۆکوەزیرانی ئێرلاند دەشڵێت، بڕیارەکە نەدەبوو رابگیرێت، بەتایبەتی کە "کارە راستەکە ئەوەیە."
چەندین ئەندامی یەکێتی ئەورووپا، لەنێویاندا سلۆڤینیا و ماڵتا ئاماژەی داننانیان بە دەوڵەتی فەڵەستین داوە؛ جەختیشیان کردووەتەوە کە چارەسەری دوو دەوڵەت تەنیا رێگەچارەی ئاشتی و پێکەوەژیانە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
هاوکات ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەڕەشە لە نەرویج، ئێرلاند و ئیسپانیا دەکات و دەڵێت، لەسەر ئەم هەڵوێستەیان بێدەنگ نابن.