رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت، لە پارکێکی باشووری ئەڵمانیا پیاوێک و منداڵێک بە چەقۆ کوژران و دوو کەسی دیکەش بە سەختی برینداربوون. "گومانلێکراوەکە دەستگیرکراوە و پاڵنەری هێرشەکە هێشتا روون نییە."
رۆژی چوارشەممە 22-01-2025، پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە پارکێکی شارۆچکەی ئەشافنبۆرگ لە باشووری ئەڵمانیا کە دەکەوێتە هەرێمی باڤاریا، پیاوێکی ئەفغانستانیی تەمەن 28 ساڵ، دوو کەسی بە چەقۆ کوشت و دوو کەسی دیکەشی بە سەختی بریندارکرد.
بەگوێرەی پۆلیس، لە هێرشەکە پیاوێکی تەمەن 41 ساڵ و منداڵێکی دوو ساڵ کوژراون.
پۆلیسی وڵاتەکە رایگەیاند، گومانلێکراوەکە دەستگیرکراوە، بەڵام هێشتا پاڵنەری هێرشەکە دیار نییە.
میدیای ئەڵمانیا رایگەیاند، هێرشکارەکە گرووپێک منداڵی دایەنگەیەکی کردووەتە ئامانج، کە ئەوکات لە پارکەکە بوون.
هێڵی شەمەندەفەری شارۆچکەکە بۆ ماوەیەک پەکخرا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی گومانلێکراوەکە هەوڵیدابوو بە شەمەندەفەر لە دەست پۆلیس هەڵبێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پۆلیس، کە لە ئێکس بڵاویکردەوە: "رووداوەکە لە پارکی شۆینتال روویداوە. ئێستا سەلامەتیی خەڵک لە مەترسیدا نییە و دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە."
پۆلیسی ئەڵمانیا هەروەها رایگەیاند، گومانلێکراوێکی دیکەشیان دەستبەسەر کردووە کە شایەتی رووداوەکە بووە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکەن.
میدیای ئەڵمانیا رایگەیاند، پیاوە ئەفغانستانییەکە کێشەی دەروونی هەبووە و چەند جارێک چارەسەری وەرگرتووە.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی پار، پۆلیسی ئەڵمانیا چەند ناوچەیەکی نێو پارکەکەی بە "ناوچەی مەترسیدار" دانا.
بەگوێرەی میدیای ئەڵمانیا، پۆلیسی وڵاتەکە بەهۆی دزیکردن، پەلاماردان و مادەی هۆشبەرەوە ئەو ناوچانەی بە مەترسیدار ناوبردووە.
لە چەند مانگی رابردوودا، ئەڵمانیا بەهۆی چەند هێرشێکی هاوشێوەی جۆراوجۆرەوە هەژێنراوە.
لە مانگی ئابی پار، لە فێستیڤاڵێکی شەقامیی شاری سۆلینگن، لە رۆژئاوای ئەڵمانیا، هێرشکارێک بە چەقۆ سێ کەسی کوشت و هەشتی دیکەی بریندارکرد. رێکخراوی داعش هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە و گومانلێکراوێکی سووریایی دەستگیرکرا.
لە حوزەیرانی 2024، لە رێپێوانێکی دژە ئیسلامدا لە شاری مانهایم، پۆلیسێک بە چەقۆ هێرشی کرایەسەر و کوژرا. بەگومانی هێرشکردن، ئەوکات پیاوێکی ئەفغانستانی دەستگیرکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ