رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاودەبێتەوە ئاگر لە نێو شەمەندەفەرێک کەوتووەتەوە، چەند سەرنشینێک لەکاتی دابەزین لە شەمەندەفەرەکە رادەکەن. شەمەندەفەرێکی دیکە کە لە بەرامبەرەوە دێت، بەسەر 11 کەسیان دەکەوێت و گیان لەدەستدەدەن.
رۆژی چوارشەممە (22-01-2025) ئەیوش پراساد، بەرپرسێکی خۆجێیی لە هەرێمی مەهاراشترا لە رۆژئاوای هیندستان رایگەیاند "لە رووداوێکی شەمەندەفەردا 11 کەس گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون."
رووداوەکە لە شارۆچکەی جالگاون روویداوە، کە 400 کیلۆمەتر لە شاری مومبای دوورە.
بەگوێرەی بەرپرسان، لە نێو شەمەندەفەرەکەدا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە؛ ئاگر کەوتووەتەوە، خەڵک بۆ خۆڕزگارکردن رایانکردووە. لەوکاتەدا، شەمەندەفەرێکی دیکە لە بەرامبەردا هاتووە و 16 کەسی شێلاوە، 11ـیان گیانیان لەدەستداوە و پێنج کەسیش بریندار بوونە.
گوتەبێژێکی هێڵە ئاسنینەکانی هیندستان رایگەیاند، شەمەندەفەرەکە بەرەو شاری مومبای دەڕۆیشت و کەسێک هەواڵی ئاگرکەوتنەوەی لەنێو سەرنشینەکاندا بڵاوکردووەتەوە. لەوکاتەدا شەمەندەفەرەکە لەباری وەستاندا بووە و خەڵک لێی دابەزیوە.
ئەمیت شاهـ، وەزیری ناوخۆی هیندستان رایگەیاند "لە دڵەوە سەرەخۆشی لە خێزانی ئەوانە دەکەم کە لە رووداوەکە دا گیانیان لەدەستداوە."
دیڤێندرا فادناڤیس، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی مەهاراشترا رایگەیاند "ئەو رووداوە تراژیدییە، جێگەی داخە. لە ناخەوە بە گیانلەدەستدانی ئەو خەڵکە خەمباربووم."
هیندستان تۆڕێکی ئاڵۆز و گەورەی هێڵی شەمەندەفەری هەیە کە رۆژانە ملیۆنان کەس بەکاری دەهێنن، بەڵام تۆڕەکە کێشە و کورتهێنانی زۆرە.
وڵاتە گەورەکەی رۆژهەڵاتی ئاسیا، بۆ باشترکردن و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی هێڵی ئاسنین، 30 ملیار دۆلاری تەرخان کردووە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە هیندستان، لە نێوان 2017 بۆ 2021 ساڵانە تێکڕا 20 هەزار کەس بەهۆی رووداوە جۆراوجۆرەکانی شەمەندەفەرەوە گیانیان لەدەستداوە.
لە ساڵی 2023، شەمەندەفەرێکی نەفەرهەڵگر و شەمەندەفەرێکی دیکە کە کەلوپەلی قوتابخانەی هەڵگرتبوو، خۆیان بەیەکدا کێشا و لە ئەنجامدا نزیکەی 300 کەس گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ