ساڵی رابردوو بەلجیکا مافی پەنابەری داوەتە زیاتر لە 10 هەزار کەس


رووداو دیجیتاڵ

بەلجیکا دەڵێت، لە ماوەی ساڵی رابردوودا سەروو 36 هەزار کۆچبەر داوای مافی پەنابەرییان لەو وڵاتە کردووە. لەو ژمارەیەش مافی پەنابەرییان داوەتە سەروو 10 هەزار کەس کە هاووڵاتییانی سووریا پشکی شێریان بەردەکەوێت. 
 
رۆژی شەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2023، پێگەی ناوچەی شنگن رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا 36 هەزار و 871 پەناخواز روویان لە بەلجیکا کردووە. بەوەش بە بەراورد بە ساڵی پێشتر 42٪ زیادیکردووە، بەو پێیەی لە ساڵی 2021دا 25 هەزار و 971 پەناخواز روویان لەو وڵاتە کردووە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی بەلجیکا، لە ساڵی 2022 دا، مانگانە 3,073 کەس داوای پەنابەرێتییان پێشکێشی وڵاتەکە کردووە، لەکاتێکدا ژمارەکە بۆ ساڵی پێشتر 2,164 بووە. ژمارەکە لە مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەم، 4,000ـی تێپەڕاندووە.
 
ئامارەکان پێشانیدەدەن، 70.6٪ـی کۆی ئەوانەی لە ساڵی 2022دا داواکاریی پەنابەرێتییان پێشکێشی بەلجیکا کردووە لە رەگەزی نێر بوونە و ئەوانی دیکەش لە رەگەزی مێ بوونە. 
 
بەگوێرەی حکومەتی بەلجیکا، زۆرترین پەناخواز لە سووریا، عێراق، ئەفغانستان، فەلەستین، بوروندی و ئێریتریاوە روویان لەو وڵاتە کردووە. 
 
نووسینگەی کۆچبەریی بەلجیکا دەڵێت، لە ساڵی رابردوودا سێ هەزار و 615 منداڵ بەبێ سەرپەرشت کۆچیان کردووە و داوای مافی پاراستنی نێودەوڵەتییان کردووە، ئەوەش بە بەراورد بە ساڵی 2021، بە رێژەی 12.3٪ زیادیکردووە. 
 
بەشێوەیەکی گشتیش، نووسینگەکە دەڵێت، مافی پاراستنی نێودەوڵەتییان داوەتە 10 هەزار و 632 کەس. 41٪ـی ئەو ژمارەیە بریتی بووە لە پێدانی مافی پەنابەرێتی. دەشڵێت، زۆرترینی ئەوانەی مافی پەنابەرێتییان پێداوە بریتی بوون لە هاووڵاتییانی سووریا، بە جۆرێک لەو ساڵەدا مافی پەنابەرێتی بە 2,499 سووریایی دراوە.