رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئێکسی ئیلۆن مەسک سکاڵای لەسەر رێکخراوی قازانجنەویستی (میدیا ماتەرز) تۆمارکرد بە تۆمەتی ئەوەی کە بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی پڕبوونی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە دژایەتیکردنی جووەکان، رێکلامکەرەکانی چەواشە کردووە تاوەکو پشت لە تۆڕەکە بکەن.
هەفتەی رابردوو، دوای ئەوەی رێکخراوی میدیا ماتەرز بڵاویکردەوە کە هەندێ رێکلامی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دۆزیوەتەوە "کە لایەنگریی نازیەکان دەکەن،" گەورە کۆمپانیاکانی وەک ئەپڵ، کۆمکاست، ئێن بی سی یونیڤێرسال و ئای بی ئێم بڵاوکردنەوەی رێکلامیان لەسەر ئێکس راگرت، کە ئەوەش زیانی گەورە بە سەرچاوەی داهاتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە دەگەیێنێت.
لەسەر ئەوە، کۆمپانیای ئێکس لە دادگەی فیدراڵیی ئەمریکا لە تێکساس، سكاڵای لەسەر میدیا ماتەرز تۆمارکرد.
رۆیشتنی بە کۆمەڵی ریکلامکەرەکان، لە سەروبەندی تۆمەتبارکردنی ئیلۆن مەسکدا دێت بەوەی کە پشتیوانی لە بیردۆزێکی دژی جووەکان کردووە.
مەسک لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس وێنەی بڕیاری داواکاری گشتیی تێکساسی بۆ کردنەوەی لێکۆڵینەوە دژی میدیا ماتەرز بڵاوکردەوە و لەگەڵیدا نووسیویەتی: "چەواشەکردن سزای سڤیل و تاوانکارییشی هەیە".
ئەنگێلۆ کاروسۆن، سەرۆکی دامەزراوەی میدیا ماتەرز دەڵێت: "ئەمە سکاڵایەکی پووچە کە مەبەست لێی هەراسانکردنی رەخنەگرانی ئێکسە بۆ ئەوەی کپیان بکات. میدیا ماتەرز پشتی راپۆرتی خۆی بەرنادات و چاوی لەوەیە لە دادگەدا بیباتەوە."
مەسک، دەوڵەمەندترین مرۆڤی جیهان، لەلایەن کۆشکی سپییەوە سەرکۆنە کرا بە تۆمەتی ئەوەی "لایەنگریی قێزەون"ی هەستی دژە سامێتیی کردووە، ئەوەش دوای ئەوە هات کە ئیلۆن مەسک پشتیوانیی خۆی بۆ پۆستێک دەربڕی؛ پۆستێک کە وا لێکدرایەوە بانگەشەدەکات بۆ بیردۆزێکی پیلانگێڕیی جووەکان بەوەی کە دەیانەوێت کۆچبەری نایاسایی ببەنە نێو ئەمریکا تاوەکو دیمۆگرافیای وڵاتەکە بگۆڕن و سپیپێستەکان لە زۆرینەوە بکەنە کەمینە.
ئەو بیرۆزی پیلانگێڕییە، هەمان ئەوەیانە کە هێرشکارەکەی ساڵی 2018ی پیترسبێرگ بڕوای پێ هەبوو، کە هێرشی کردە سەر کەنیشتەیەکی جووەکان و 11 کەسی کوشت.
ئەندرو بەیتس، گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی، ئەوەی مەسک کردوویەتی دووبارکردنەوەی "قبولنەکراوی درۆیێکی قێزەونە."
سکاڵاکەی رۆژی دووشەممەی ئێکس باس لەوە ناکات کە بەشێک لە کۆمپانیاکان دەکرێت بەهۆی پشتیوانیکردنی مەسک لەو پۆستە وازیان لە ریکلامکردن لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە هێنابێت.
لە سکاڵاکەدا کۆمپانیای ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە کە میدیا ماتەرز "بە مەبەست و نیازخراپییەوە" ژمارەیەک وێنەی لە تەنیشت یەک داناوە بۆ ئەوەی پۆستی ریکلامکەرەکان لە تەنیشت ئەو بابەتانەوە پێشانبدات کە "نازییە نوێیەکان و سپیپێستە نەتەوەپەرستەکان" بڵاویدەکەونەوە.
ئێکس هەروەها دەڵێت میدیا ماتەرز فێڵی لە لۆگاریتمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە، ئەوەش لە رێگەی فۆڵۆوکردنی تەنیا ئەو هەژمارانەی ناسراون بەوەی بابەتی توندئاژۆ و رقوکینەدار بڵاودەکەنەوە.
ئێکس داوا لە دادگە دەکات فەرمان بە میدیا ماتەرز بکات کە قەرەبووی دارایی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە بکات و راپۆرتەکەشی هەڵبوەشێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ