بزووتنەوەی تاڵیبان داوای دانپێدانان بە حکومەتەکەی دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتە کاتییەکەی بزووتنەوەی تاڵیبان داوای دانپێدانان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات و دەڵێت، "ئەگەر دانمان پێدا نەنێن، گرووپە پەڕگیرەکان هەوڵی شێواندنی ئاسایشی وڵاتەکەمان دەدەن".
 
عەبدولسەلام حەنەفی، جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی کاتیی ئەفغانستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە مۆسکۆ کە لەگەڵ شاندێکی حکومەتەکەی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی رووسی رۆیشتبوون، دووپاتیکردەوە کە ئافرەت خوشک و دایکی ئەوانن، بۆیە رێزیان لێ دەگرن.
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی کاتیی ئەفغانستان ئەوەی خستووەتەڕوو، بزووتنەوەی تاڵیبان بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلام جێگە بۆ مافەکانی ژنان دەکاتەوە.
 
لە ساڵانی رابردوودا رووسیا پێگەی بەهێزی خۆی لە بانگهێشتکردنی لایەنەکان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی ئەفغانستان سەلماندووە، کۆبوونەوەی دووقۆڵی و کۆبوونەوەی فراوانتریشی لەنێوان پارت و لایەنەکانی ئەفغانستان ئەنجامداوە.
 
لە ساڵی 2017 رووسیا میوانداریی کۆبوونەوەیەکی کرد کە جگە لە بزووتنەوەی تاڵیبان و نوێنەرانی حکومەتی ئەفغانستان، کۆبوونەوەکە نوێنەری هەریەک لە وڵاتانی چین، پاکستان، ئێران، هیندستان و چەند وڵاتێکی ئەندامی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و ناوەڕاستی ئاسیاشی لەخۆگرت.
 
هەرچی کۆبوونەوەکەی ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە لەنێوان بزووتنەوەی تاڵیبان و حکومەتی رووسیا، عەبدولسەلام حەنەفی لەبارەیەوە گوتی، کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدار بووە، هەموولایەک لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکە رێککەوتن، "رێککەوتین هەژاری پەرەنەسێنێت، پارەی ئەفغانییەکان بۆ ئەفغانییەکان بگەڕێندرێتەوە، هاوکاریی مرۆیی بگەیێندرێتە خەڵک و هەموو دەرفەتێک بۆ خەڵک بڕەخسێندرێت".