نووشین و هاوژینەکەی بە نواندن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواداری زۆریان کۆکردووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

نووشین و هاوژینەکەی بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەردەکەون؛ بە نواندنە سادە و واتادارەکانیان فانی زۆریان بۆ خۆیان کۆکردووەتەوە و گەیشتووەتە نزیکەی 400 هەزار کەس.
 
نووشین حوسێن کچێکی کوردە و خەڵکی حەسەکەیە لە رۆژئاوای کوردستان، هەشت ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی، میوانی ستۆدیۆی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو و گوتی، لە 2020ـەوە دەستیان بە تۆمارکردنی ڤیدیۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە، تاوەکو ئێستاش بەردەوامن، فانەکانیش ئارەزووی بینینی ڤیدیۆکانیان دەکەن و بینەرێکی یەکجار زۆریان هەیە.
 
نووشین حوسێن لەبارەی ناوەڕۆک و بیرۆکەی ڤیدیۆکانی گوتی، "بیرۆکەی ڤیدیۆکانمان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان دەکەینەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەنەس سەبعللێلی هاوژینم، ئەو ڤیدیۆکان دادەنێت و تۆماری دەکات و بڵاویان دەکاتەوە."
 
نووشین حوسێن ئاشکرایکرد، ئەوان خاوەنی ڤیدیۆی زۆرن، بەڵام بڵاوکردنەوەی پێنجەم ڤیدیۆیان کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و دەڵێت، "دوای ئەوەی لە ساڵی 2019 هاوسەرگیریم لەگەڵ ئەنەس کرد، کە بە رەگەز عەرەبە و داب و نەریت و ئایین و کولتوورمان لە یەکدی جیاوازە، بیرمان لەوە کردەوە کە ڤیدیۆ دروست بکەین و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان بکەینەوە، بە خەڵک بڵێین ئاساییە دوو کەس لە دوو نەتەوە و ئایینی جیاواز هاوسەرگیری بکەن و پێکەوە دڵخۆشبن، خۆمان بە نموونە هێنایەوە."
 
 
سەبارەت بەو ڤیدیۆیەی زۆرترین بینەری هەبووە و نووشین چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە، دەڵێت، "ئێوارەیەک ئەنەسی هاوژینم لە کار دەگەڕایەوە، بینی نزیکەی 15 کەس لە کەسوکاری من وەکو میوان لە ماڵەکەمانن و بەخێرهاتنیان کرد؛ دواتر پێم گوت خێرا بڕۆ گۆشت بکڕە و ئێستا خوانێک ئامادە دەکەم، ئەویش چوو گۆشتی هێنا و خوانەکەم ئامادە کرد و بەلایەوە سەیر بوو، بۆیە بیرۆکەی ڤیدیۆکە لەوەوە لای ئەنەس گەڵاڵە بوو، ئێمەش دروستمان کرد و بڵاومان کردەوە، ڤیدیۆکە بینەرێکی زۆری هەبوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە شێوەیەک لە چەند کاژێرێکدا نزیکەی پێنج ملیۆن بینەری تێپەڕاند، بووە هۆی ئەوەی ئەوان زیاتر گرنگی بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ بدەن و ببنە دوو کەسایەتیی گرنگ و بەنێوبانگی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان."
 
لای خۆیەوە ئەنەس سەبعللێل، هاوژینی نووشین لەبارەی ڤیدیۆکانیانەوە گوتی، "جەماوەری عەرەبی لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا حەزیان بە کولتووری کوردییە، رێزی زۆری لێدەگرن، ئەوان کە سەیری ڤیدیۆکانمان دەکەن، دەستخۆشیمان لێدەکەن و زیاتر هانمان دەدەن، پێکەوە بژین."
 
ئەنەس سەبعللێل کە لە نووشینەوە فێری زمانی کوردی بووە، دەڵێت، "کورد بە زۆر شت ناسراون، لەوانە میواندۆست، وەفا، رێز و بەهێزی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، هەروەها بایەخی زۆریش بە خێزان دەدەن، هەموو ئەمانەم کردوونەتە ڤیدیۆ و بڵاوم کردوونەتەوە."