لە پایتەختی سوێد یادی گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان دەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ شەممە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد یادی حەوت ساڵەی بەڕێوەچوونی گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
ژمارەیەک رێکخراو و دامەزراوەی کوردیی کاریگەر لەپشت یادکردنەوەکەن، کە پێکهاتوون لە فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە سوێد، ناوەندی رەوەندی کوردی لە سوێد و هەروەها کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کورد لە سوێد و جگە لە کەسایەتییەکان، وایان داناوە رۆژی شەممە 21-09-2024 بۆ دیاسپۆرای کوردی لە سوێد بکەنە رۆژێکی پڕ لە میوزیک و گۆرانی و بەهێزکردنی هەستی پێکەوەبوون و نەتەوایەتی.
 
بەرزان کۆچکایا، یەکێکە لە رێکخەرانی یادکردنەوەکەی ستۆکهۆڵمە و بەشداریی لە بەرنامەی دیاسپۆرادا کرد، سەبارەت بە یادەکە دەڵێت، "یادکردنەوەی گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان رۆژێکی نەتەوەییە و پێویستە ئەو رۆژە و ئەو یادە بە فەرمی بکرێتە رۆژێکی نەتەوەیی." 
سەبارەت بەوەی، ئایا کێ دەتوانێت بەشداری لە یادەکەدا بکات؟ گوتی، "هەموو کەسێک دەتوانێت بەشداریی یادکردنەوەی گشتپرسیی سەربەخۆیی بکات، واتە هەر کەسێک ویستی بەشداریکردنی هەبێت، دەتوانێت بەشداری لە چالاکییەکەدا بکات، ئینجا کورد بێت یان غەیرە کورد بێت."
 
بارزان کۆچکایا ئاشکرای کرد، چەندین هونەرمەند و گۆرانیبێژ بەشداری لە چالاکییەکەدا دەکەن و دەڵێت، "ئامانجمان لە یادەکە جگە لە بیرهێنانەوە، زیاتر ئەوەیە هەستی کوردایەتی و ئینتیمای نیشتمانی لە دڵی نەوەی نوێی کورد لە دیاسپۆرادا بچێنین و تۆخی بکەین، چونکە نەوەی نوێی کورد لە ئەورووپا لە هەستی نیشتمانی دوورکەوتووەتەوە و فێر نەکراون، بۆیە دەمانەوێ لە رێگەی ئەم یادەوە فێریان بکەین."
 
لە رۆژی 25-09-2017 گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان لە باشووری کوردستان بەڕێوەچوو، تێیدا 93%ی خەڵک بە "بەڵێ" دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا لە دەوڵەتی عێراق، بەڵام دواتر بەهۆی گوشارەکانی وڵاتانی دراوسێ و هەروەها حکومەتی ئەوکاتی عێراق و بەشێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دان بە ئەنجامەکەی نەنرا.