ئۆکراینا سەگەڕۆبۆت دەنێرێتە بەرەکانی جەنگ؛ هەر رۆبۆتێک کاری سێ بۆ پێنج سەرباز دەکات


رووداو دیجیتاڵ

ئۆکراینا راهێنان لەسەر سەگەڕۆبۆت دەکات و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەیاننێرێتە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ.

سەگەکان بە قەبارە بچووکن، بەڵام کاری زۆریان پێدەکرێت. ئەم رۆبۆتانە دەتوانن شوێنی هێزی بەرامبەر ئاشکرا بکەن، هەراسانیان بکەن و مین و تەقەمەنی پووچەڵ بکەنەوە. بەوپێیەی پێش خۆیان دەبینن، هاوکاریشن لە داڕشتنی تاکتیکی شەڕ. بە واتایێکی دیکە، هەر دانەیان کاری سێ بۆ پێنج سەرباز دەکەن و شوێنی زۆر کەرەستەی تەکنیکی پڕدەکەنەوە.
 
یوری، سەربازێکی ئۆکراینییە و راهێنان بە رۆبۆتەکان دەکات، دەڵێت: "پێموایە ئەمە گرنگترین شتە بۆئەوەی قسەی لەبارەوە بکەین، چۆن رۆبۆت و درۆن بڵاوبکەینەوە بۆ ئەوەی توانای ئۆپەراسیۆنەکانمان بەهێز بکەین. لەلایەکی دیکە، بۆ ئەوەی ژیان رزگاربکەین یاخود سەربازان پارێزراوتر بن. ئەمە هۆکاری سەرەکی ئەم رۆبۆتانەیە."
 
جەنگی ئۆکراینا و رووسیا خەریکە وای لێدێت، رۆبۆت شەڕی رۆبۆت دەکات. بەریتانیا بەم بەخشینەی، سووتەمەنی زیاتر دەکات بەسەر جەنگی دوو ساڵەی ئۆکراینا و رووسیا. بەریتانیا لە شوباتی 2022ـەوە بە بەهای زیاتر لە 16 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازیی ئۆکراینای کردووە.
 
یوری دەڵێت: "جەنگی ئۆکراینا شێوازی جەنگی لە هەموو جیهان گۆڕی، بەتایبەتی کە قسە دێتە سەر درۆنەکان. چی گۆڕا؟ پێکدادان کە جاران شەڕ چۆن دەکرا و لە داهاتوودا شەڕەکە چۆن دەکرێت."
 
بەگوتەی راپۆرتێکی هەواڵگری، بەرەکانی جەنگ لە ئۆکراینا وەکو "مەکینەی قیمەکردنی گۆشتی لێهاتووە". بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، لە 24ـی شوباتی 2022وەوە، نزیکەی  120 هەزار سەربازی رووسی و 70 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لەمەودوا ئەم رۆبۆتانە زیانی گیانی لە هەردوولا کەم کەنەوە.