چیرۆکی ئەو پیاوە کوردەی لە ئەڵمانیا لەلایەن هاوژینەکەیەوە دەرکرا
رووداو دیجیتاڵ
پیاوێکی کورد لە ئەڵمانیا دەڵێ هاوژینەکەی لە ماڵەوە دەریکردووە، هەر ئەو بەتەنیاش نییە، ''بەڵکو 20 پیاوی دیکەی کورد لەو شارەی من لێی دەژیم، هەمان کێشەیان هەیە."
ئەو خێزانە کوردانەی دەچنە وڵاتانی ئەوروپا زۆرجار بەهۆی جیاوازیی کولتوور و یاساکانی ئەو وڵاتە تووشی کێشە دەبن، بەشێکی خێزانەکان هەڵدەوەشێنەوە، لە پۆدکاستی ئەمجارەی "بەکاتی دهۆک" کە ناسر عەلی پێشکێشی دەکات، کوردێکی خەڵکی پارێزگای دهۆک چیرۆکی خۆی گێڕایەوە کە چۆن لەلایەن هاوژینەکەیەوە دەرکراوە و منداڵەکانی لێسەندراونەتەوە.
مستەفا باسی چیرۆکی ژیانی خۆی کرد، کە ساڵی 2007 لە باشووری کوردستان لەگەڵ کچێکی دهۆکی ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، بەهۆی نەخۆشکەوتنی خێزانەکەی، چەند جارێک سەردانی دەرەوەی وڵاتیان کردووە، دواجار لە ساڵی 2018 هەموو شتێکیان لە کوردستان فرۆشتووە و بەرێگەی قاچاخ چوونەتە یۆنان، دوای دوو ساڵ، گەیشتوونەتە وڵاتی ئەڵمانیا.
مستەفا باسى سەرەتاى کێشەکانى خۆى لەگەڵ هاوژینەکەی دەکات و دەڵێت "دواى ئەوەی گەیشتینە ئەڵمانیا، لە دوو ساڵى یەکەمدا هاوژینەکەم دەستی بە دروستکردنى کێشە دەکرد، لە کوردستان دوو منداڵم هەبوون، یەکێکیش لە ئەڵمانیا لەدایکبووە ، لەبەرئەوەی بەپێی یاساکانی وڵاتی ئەڵمانیا منداڵ تاوەکو تەمەنی یاسایی تەواو دەکەن لای دایکیان دەبن و حکومەت هاوکارییان دەکات، هاوژینەکەم ئەمەی بەهەل زانی و بۆ دەستکەوتنی پارە منی لەماڵ دەرکرد."
وەک ئەو هاونیشتمانییە باسی دەکات جاری یەکەم دوای سێ مانگ ئاشتبوونەتەوە و گەڕاوەتەوە ماڵەوە، بەڵام جارێکی دیکە "شەش مانگ بەر لە ئێستا دیسان دەریکردم و هەرچەندە زۆر هەوڵمدا بگەڕێمەوە ماڵەوە، رێگەی نەدا."