نوێنەرێکی عەلی خامنەیی: ئەگەر تاڵیبان بەرامبەر ئێران هەڵە بکات چارەنووسێکی خراپتر لە داعشی دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای ئەلبورز دەڵێت، ئەگەر تاڵیبان بەرامبەر وڵاتەکەی هەر هەڵەیەک بکات، ئەوا چارەنووسێکی خراپتر لە داعشی دەبێت.
حوسێن هەمەدانی، نوێنەری عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوتاری هەینیی دوێنێدا باسی لە رەوشی ئەفغانستان کرد و گوتی، دەبێت لە هەر رووداوێکدا وانە وەربگیرێت و ئێستاش ئەفغانستان وانەی زۆری تێدایە بۆ ئەوانەی لە ناوخۆ و لە دەرەوە گرەو لەسەر پاڵپشتیکردنیان لە لایەن ئەمریکاوە دەکەن.
حوسێن هەمەدانی گوتی، پشتبەستن بە ئەمریکا لەلایەن بەرپرسانی ئەفغانستانەوە بۆ ماوەی 20 ساڵ جگە لە وێرانبوونی وڵات هیچ شتێکی دیکەی بەدواوە نەبوو و گوتیشی، لە ماوەی ئەو 20 ساڵەدا سوپا بەجۆرێک ئامادەکرا کە نەیتوانی بەرامبەر تاڵیبان بوەستێت.
حوسێن هەمەدانی رایگەیاند، "تاڵیبان هەر تاڵیبانە و نابێ هیچ کەسێک ئەوەندە سادە بێت و رابردوو و کارەکانیان لەبیر بکات. لەوەدەچێت هیچ جیاوازییەک لەنێوان تاڵیبانی ئەمڕۆ و دوێنێدا نەبێت، تەنیا ئەوە نەبێت کە 20 ساڵ ئەزموونی ئەوەی پەیداکردووە بە زیرەکی و دانبەخۆداگرتن کار بکات و هەستیارییەکان کەم بکاتەوە".
نوێنەرەکەی عەلی خامنەیی گوتی، "کاتێک رۆژئاواییەکان پشتیوانی تاڵیبان دەکەن و دەبینین بەریتانیا وەکو جۆرێک لە پشتیوانیی ئەو بزووتنەوەیە دەڵێت، 'تاڵیبان گۆڕاوە'، کەواتە دەبێ ئێمە وریاتر بین. ناتوانین بە سادەیی ئەوە قبووڵ بکەین. دەبێ چاوەڕێ بکەین و بزانین کرداریان چۆن دەبێت، هەرچەند دەبێ تاڵیبان ئەوەش بزانێت کە ئەگەر لە هەڵسوکەوت و مامەڵەدا لەگەڵ ئێراندا هەڵە بکات، چارەنووسێکی خراپتر لە داعش چاوەڕوانییەتی".