رێستۆرانتێک لە فەرەنسا بەهۆی بێ کارمەندییەوە ناچارە رۆبۆت دابمەزرێنێت
رووداو دیجیتاڵ
رێستورانتی کاپ 180 لە شارۆچکەی کەهۆز لە باشووری فەرەنسا زۆر هێنای و بردی نەیتوانی دوو کارمەند دابمەزرێنێت خواردن پێشکێشی میوانەکانی بکات، بۆیە ناچار پەنای بۆ رۆبۆت برد.
جیۆفری روامپ، بەڕێوەبەرە لە رێستۆرانتەکە و دەڵێت، "رێکلاممان کرد و دوو کەسمان وەرگرتن، لەژێر ئەزموون بوون. دوو کەس بوون کە لە رێستۆرانت کاریان نەکردبوو، دوایی بەجێیانهێشت. دوای دوو هەوڵی شكستخواردوو، دەبوو بەردەوام بین. لە ئینتەرنێت گەڕام و گونجاوترین و کردەیترین چارەسەر بەکارهێنانی رۆبۆت بوو."
هیچ هونەری تێدانییە کە رۆبۆتەکە گورجوگۆڵە و بە بێدەنگی کاری خۆی دەکات، بەڵام تابڵێی کارمەندێکی سارد و سڕە. هیچ هەستێکی نییە و نازانێ قسەیەکی خۆش لەگەڵ میوانەکانی بکات.
لۆورانس ڤالێنتین، سەردانکەرە و دەڵێت، "رای من لەسەر ئەمە؟ ئەگەر پارەی زیاتر بدەینە خەڵك ستافی زیاترمان دەبوو. بەڕاستی ئەمە رای منە. حەزم دەکرد خەڵکیان هێنابووایە."
میوانێکی دیکەش دەڵێت، "بەلامەوە ئاساییە، بەو مەرجەی جێی کەسی نەگرتبێتەوە. پێموایە هاوکاریی رێستۆرانتەکە دەکات خێراتر خزمەت بکەن."
رێستۆرانتەکە دەڵێت، خەڵکی زۆریان هێناوە بۆ چاوپێکەوتنی کار، ئەوەی شتێکی زانیوە داوای پارەی زۆری کردووە، کەڵکیشیان لە بێ ئەزموونەکان وەرنەگرتووە.