کۆنتەینەرێک بە بەهای 20 ملیۆن دۆلاری کەنەدی لە تۆرۆنتۆ دەدزرێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆنتەینەرێک کە زێڕ و چەند شتێکی دیکەی بە بەهای 20 ملیۆن دۆلاری کەنەدی تێدابوو لە فڕۆکەخانەی تۆرۆنتۆ دزرا.
رۆژی هەینی 21ـی نیسانی 2023، ستێفان دووڤستەین، پشکنەری پۆلیسی شاری تۆرۆنتۆی باشووری کەنەدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، کۆنتەینەرێک کە بەهاکەی 20 ملیۆن دۆلاری کەنەدییە [14.8 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە] لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی پێرسۆنی تۆرۆنتۆ دزراوە.
پشکنەرەکەی پۆلیس گوتیشی، کۆنتەینەرەکە رۆژی دووشەممە 17ـی نیسان لە فڕۆکەیەک داگیراوە، بەڵام دواتر لە شوێنێکی هەڵگرتنی کۆنتەینەرەکان براوەتە دەرەوە.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی کەنەدا ئاشکرایان نەکردووە کە ئەو هێڵە فڕۆکەوانییەی بارەکەی گواستووەتەوە ناوی چییە و فڕۆکەکە لە کوێوە چووە و بڕیار بووە بۆ کوێ بڕوات.
دووڤستەین گوتی، ماوەی سێ رۆژە پۆلیس لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە. میدیای کەنەدا دەڵێت، دەکرێت باندی تاوانکاری لە رووداوەکەدا تێوەگلابن.
ئەم دزییە دەکرێت ببێتە یەکێک لە گەورەترین دزییەکان لە مێژووی کەنەدا، بە رووداوەکانی 2011 و 2012ـەشەوە کە بە "دزییە گەورەکانی شەربەتی دار چناری کەنەدا" ناسراون، کاتێک سێ هەزار تۆنی شەربەت بە بەهای 18.7 ملیۆن دۆلار لە کۆگایەکی شاری کیوبیکی کەنەدا دزران.