ورچێک لە کەنەدا دەچێتە نێو ئۆتۆمبێلێک و 69 قوتوو سۆدە دەخواتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

ورچێک لە کەنەدا دەچێتە نێو ئۆتۆمبێلەکەوە و 69 قوتوو سۆدە دەخواتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 20-4-2023 لە ویلایەتی بریتیش کۆڵۆمبیای کەنەدا، ورچێک چووە نێو ئۆتۆمبێلەکەی شارۆن رۆسێڵ، کە هاووڵاتییەکی کەنەدییە و کاری فرۆشتنی خواردن و خواردنەوە دەکات.
 
لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا چەندین سێت قوتووی سۆدە هەبوون و ورچەکەش چەند سێتكیان دەباتە دەرەوە و لە نزیک ئۆتۆمبێلکە دەست بە خواردنەوەی سۆدە دەکات و 69 قوتوو دەخواتەوە.  
 
شارۆن رۆسێڵ لە بالکۆنی ماڵەکەیەوە تەماشای ورچەکەی کردووە، بەڵام هیچی پێ نەکراوە.
 
بە گوتەی خاوەن ئۆتۆمبێلەکە، ورچەکە کاتێک گەیشتووەتە سۆدە بێشەکرەکان، تامەکەی بە دڵ نەبووە و شوێنەکەی جێهێشتووە.
 
شارۆن رۆسێڵ ئێواران کە دەگەڕێتەوە، ئەگەر خۆراک لە نێو ئۆتۆمبێلەکەی هەبێت دایدەگرێت تاوەکو ورچ نەیخوات، بەڵام باوەڕی نەکردووە ورچ حەزی لە سۆدە بێت.
 
چوار جۆر ورچ لە کەنەدا دەژین و ژمارەیان دەگاتە سەتان هەزار دانە. 
 
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 500 هەزار ورچی رەش، نزیکەی 29 هەزار ورچی گریزلی و 16 هەزار ورچی جەمسەری لەو وڵاتە ئەمریکای باکوور دەژین.