لە لەندەن کۆنفرانسی لێکۆڵینەوە کوردییەکان بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، کۆنفرانسی لێکۆڵینەوە کوردییەکان بە بەشداریی زیاتر لە 100 توێژەر و لێکۆڵینڤانی کورد و ئەوروپی بەڕێوەدەچێت، کە لەلایەن بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی زانکۆی ئابووری و سیاسەتی لەندەن ناسراو بە LSE بەڕێوەدەبرێت.
دکتۆر ژیار ئاغاپووری، پرۆفیسۆری یاریدەدەر و بەڕێوەبەری سەنتەری ئاشتی و ئاسایشی مرۆیی لە زانکۆی ئەمریکی لە کوردستان، کە یەکێکە لە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا بوو، راگەیاند، کۆنفرانسەکە گرنگیی زۆری بۆ دۆزی کورد بە گشتی هەیە و دواتر باسی مژارەکانی کۆنفرانسەکەی کرد و گوتی، "مژارەکانی کۆنفرانسەکە بریتین لە پرسی شوناس و ناسنامەی سیاسی و زمان و کولتووری گەلی کورد، پرسی حکومڕانی و بەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستان، کۆچی کوردان بۆ ئەوروپا و بەریتانیا، هەروەها دۆخی دیاسپۆرای کورد لە بەریتانیا و ئەوروپا، هەروەها بابەتی جێندەر و پیاوسالاری لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ پرسی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە تایبەتن بە خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە".
ژیار ئاغاپووری روونیکردەوە، کۆنفرانسەکە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و لە رۆژی دووشەممە و سێشەممەی داهاتوو 24 و 25ـی ئەم مانگە، تێیدا چەندین پانێڵ و گوتار لەسەر ئەو پرسانە باس دەکرێن و گەنگەشە دەکرێن و دواتر ئەنجامەکان لە توێژنەوەکاندا بڵاودەکرێنەوە.
ئەو پرۆفیسۆرە ئاماژەی بەوەش کرد، "من لە دوو بەشدا توێژینەوەکانم باس دەکەم، یەکێکیان لەبارەی کۆچ و دۆخی دیاسپۆرا لە بەریتانیا و ئەوروپا، دووەمیشیان لەبارەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ناسنامەی کورد لەگەڵ ناسنامەی ئێراندا، بەتایبەتی دوای خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە زیاتر لە ساڵێکە خەریکی توێژینەوەم لەسەری."
دکتۆر ژیار زیاتر قسەی کرد و گوتیشی، "کۆنفرانسەکە زۆر ئەکادیمییە و کاریگەری بەسەر دۆزی کورد لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت و داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کۆنفرانسەکە بەهەند وەربگرێت و نوێنەری خۆی بنێرێت، چونکە کاریگەری بەسەر سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت."