نیوزیلەندا هێزی سەربازى زیاتر رەوانەی عێراق دەكات

رووداو ـ هەولێر

بە مەبەستی هاوكاریكردنی عێراق لە شەڕی دژبە چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، ئەمڕۆ حكومەتی نیوزیلەندا هێزێكی سەربازی تایبەت بە مەشقپێكردنی هێزە ئەمنییەكانی عێراق رەوانەی ئوسترالیا كرد، تاوەكو لەگەڵ هێزە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە، بەشداری لە پڕۆسەی بونیاتنانەوەی توانا ئەمنییەكانی عێراق بكەن.


وەزارەتی بەرگری حكومەتی نیوزیلەندا لە بەیاننامەیەكدا گوتی: "بەشداریكردنی نیوزیلەندا لە پڕۆسەی بونیاتنانەوەی توانا ئەمنییەكانی عێراق، تایبەتە بە مەشقپێكردنی هێزە ئەمنییەكانی عێراق و بۆ ماوەی 2 ساڵیش بەردەوام دەبێت".

لەبەر هۆكاری ئەمنی، پێشتر وەزارەتی بەرگری نیوزیلەندا كاتی رەوانەكردنی سەربازەكانی ئاشكرا نەكرد و لە مانگی شوباتی رابردوو رایگەیاند :" بە ئامانجی هاوكاریكردنی عێراق بۆ بونیادنانەوەی توانا سەربازییەكانی، حكومەتی نیوزیلەندا 143 سەربازی بۆ مەشقپێكردنی هێزە ئەمنییەكان رەوانەی عێراق دەكات".

لە 24 ی مانگی شوباتی رابردووش جۆن كی، سەرۆكوەزیرانی نیوزیلەندا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی بۆ دەستپێكردنی پرۆسەكانی مەشقپێكردن، 143 سەربازی وڵاتەكەی لە عێراق بڵاودەكرێنەوەو پڕۆسەكەش لە مانگی ئایاری داهاتوو دەستپێدەكات و ماوەی 2 ساڵ بەردەوام دەبێت.

جۆن كی، گوتیشی "سەربازانی نیوزیلەندا لە سەربازگەی تاجی باكووری شاری بەغدا مەشق و راهێنان بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەكەن".