ئەمریکا بە تۆمەتی قۆرخکردنی بازاڕی موبایل، سکاڵا لەسەر ئەپڵ تۆمار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بە تۆمەتی قۆرخکردنی بازاڕی موبایل لەلایەن ئایفۆنەوە بە شێوەیەکی نایاسایی، وەزارەتی دادی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە سکاڵای لەسەر کۆمپانیای ئەپڵ تۆمارکرد.
وەزارەتەکە ئەپڵ تۆمەتبار دەکات بەوەی رێگەی بە کۆمپانیاکانی دیکە نەداوە رکابەرایەتییەکی یاسایی بکەن و تێچووی گەورەشی بەسەر بەکارهێنەرەکانیدا سەپاندووە.
لە سکاڵاکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەپڵ ملیاران دۆلاری تەرخانکردووە بۆ ئەوەی وا لە بەکارهێنەرانی بکات دەستبەرداری ئایفۆن نەبن و نەتوانن بە ئاسانی روو لە موبایلی هەرزانتر بکەن.
ژمارەیەک ویلایەتی تاک تاکی ئەمریکاش لە پێشكێشکردنی سکاڵاکەدا بەشدارن.
کۆمپانیای ئەپڵ کە لە ساڵی 1967 لە لایەن ستیڤ جۆبزەوە دامەزراوە، دوای نیو سەدەی بێ لێپێچینەوە و وردبوونەوەی حکومەتی ئەمریکا، ئەمە یەکەمین جارە خۆی لە بەردەم سکاڵایێکی لەو جۆرەدا دەبینێتەوە.
کۆمپانیاکە دەچێتە پاڵ ئەمازۆن، گووگڵ و مێتا کە رووبەڕووی سکاڵای واشنتن دەبنەوە.
رۆژی پێنجشەممە، هەواڵی سکاڵاکە بەهای پشکەکانی ئەپڵی 3.75٪ لە بازاڕی وۆڵ ستریت دابەزاند.
ئەپڵ تۆمەتبارە بەوەی کە هەندێ کاری کردووە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی دیکە و پەرەپێدەران نەتوانن دەستیان بەو 136 ملیۆن کەسە بگات کە لە ئەمریکا ئایفۆن بەکاردێنن.
بە گوێرەی سکاڵاکە، ئەو بڕیار و یاسایانەی کە ئەپڵ بەسەر بەکارهێنەرانیدا سەپاندوونی، وای لێ کردوون ناچاربن دەستبەرداری ئامێرەکانی ئەپڵ نەبن، بەڵکو هەروەها ئامێری گرانبەهاتریش بکڕن، کە مەبەست لێی ئەو ئایفۆنە نوێیانەیە کە هەموو ساڵێک دەیانخاتەڕوو.
مێریک گارلاند، داواکاری گشتیی ئەمریکا دەڵێت: "لەبەر ئەوەی کۆمپانیاکان یاسای دژی قۆرخکاری پێشێل دەکەن، پێویستە بەکارهێنەران ناچارنەبن پارەیەکی زیاتر بدەن. ئەگەر رێی لێ نەگیردرێت، ئەپڵ بەردەوامدەبێت لە بەهێزکردنی قۆرخکاریی خۆی بەسەر [بازاڕی] موبایلە زیرەکەکاندا."
ئەپڵ وەڵام دەداتەوە
بەگوێرەی رێکارەکانی ئەپڵ بواری پێ دەدەن خۆی دەوڵەمەندتر بکات و لە رێگری لەوە بکات تەکنەلۆجیا و داهێنانی پێشكەوتوو بگەنە دەستی بەکارهێنەران.
لە راگەیێندراوێکدا، ئەپڵ تۆمەتەکانی رەتکردنەوە و گوتی "لە رووی راستی و یاساییەوە دروست نییە و بە توندی لە دژی دەوەستینەوە."
ئەپڵ باس لەوە دەکات، ئەگەر سکاڵاکە سەرکەوێت، "دەبێتە پێشهاتێکی مەترسیدار و رێگە بە حکومەت دەدات دەستێکی گەورەی لە دیزاینکردنی تەکنەلۆجیای خەڵکدا هەبێت."
سکاڵاکە بۆ نموونە ئەپڵ تۆمەتبار دەکات بەوەی رێگە بەوە نادات ئەو ئەپانە دروستبکرێن کە بەکارهێنەر بتوانێت دوای چوونەدەرەوە لە ئایفۆن بتوانێت بە شێوازی دیکە لەسەر ئامێرەکانی دیکە بەکاریانبێنێت.
تۆمەتەکان ئەپی پارەدانی (Wallet)ی ئەپڵیش دەگرێتەوە، کە تاکە ئەپە بەکارهێنەر بۆی هەیە لە کاتی کڕینی شت لە فرۆشگە ئۆنڵاینەکان بەکاریبێنێت. لە کاتی بەکارهێنانی ئەپەکانی دیکەی پەیوەست بە پارەدان، بەکارهێنەر ناچارە پارەی زیاتر بدات.
هەروەها سکاڵاکە باس لەوە دەکات، ئەپڵ وایکردووە بەکارهێنەرەکانی نەتەوانن بە ئاسانی لەگەڵ بەکارهێنەرانی ئەندرۆیددا بکەونە پەیوەندی و ناچاربن ئایفۆن بکڕن.
تۆمەتێکی دیکە پەیوەندیی ئە کاتژمێری زیرەکی ئەپڵەوە هەیە کە تەنیا لەگەڵ ئایفۆن کاردەکات، هەروەها کارکردنی کاتژمێرە رکابەرەکانی دیکە لەگەڵ ئایفۆن سنووردارە.
لەم ساڵانەی دواییدا، ئەپڵ وەبەرهێنانی گەورەی لە بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزاری و ئامێرەکانیدا کردووە، لە کاتێکدا دەیەوێت جگە لە ئایفۆن، لە بەرهەمەکانی دیکەشیدا قازانج کۆبکاتەوە.
ئایفۆن کە لە ساڵی 2007 بۆ یەکەمین جار بەردەستکرا و دواتر جیهانی موبایلی بە تەواوی گۆڕی، لە چەند ساڵی رابردوودا، گەشەی فرۆشتنی خاوبووەتەوە، بەوەش گوشاری سەر کۆمپانیاکە زیادبووە بۆ ئەوەی سەرچاوەی دیکەی داهات بدۆزێتەوە.
وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە قازانجی ئەپڵ لە هەموو کۆمپانیاکانی دیکە زیاترە، هەروەها لە کۆی داهاتی نێوخۆی 100 وڵاتی جیهانیش زیاترە.
ساڵی 2023، فرۆشی ئەپڵ 383 ملیار دۆلار و قازانجەکەی 97 ملیار دۆلار بوو.
لێکۆڵینەوەی وەزارەتی دادی ئەمریکا لە ئەپڵ، لە ساڵی 2019 لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا دەستیپێکرد.
لە دۆسیەیەکی دیکەدا کە لە لایەن سپۆتیفای کرابووەوە، ئەم مانگە، یەکێتیی ئەوروپا کۆمپانیای ئەپڵی بە 1.9 ملیار دۆلار سزا دا لە بەرامبەر رێگریکردن لەو ئەوروپیانەی کە ئایفۆن بەکاردێنن تا نەتوانن سوود لە ئەپی هەرزانتری میوزک وەربگرن و ناچاربن تەنیا ئەوانەی سەر بە ئەپڵ بەکاربێنن.