رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ دەستبەکاربوونی بەڵێنی دا کەناڵی پەنەما لە دەستی ئەو وڵاتە دەربهێنێت و خاوەنداریەتییەکەی بۆ ئەمریکا بگەڕێنێتەوە. سەرۆکی پەنەماش دەڵێت، سازش لەسەر سەربەخۆیی وڵاتەکەیان ناکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وتاری سەرۆکایەتییەکەیدا گوتی: "ئێمە جارێکی دیکە لە سەرانسەری جیهان رێزمان لێدەگیرێتەوە. ئەوەی سەبارەت بە کەناڵی پەنەما کرا، بەڕاستی شەرمەزارییە، جیمی کارتەر زۆر بە هەرزانی پێی دان و دەبووایە زۆر بەباشی مامەڵەیان لەگەڵ ئێمەدا کردبووایە، بەڵام ئەوان باجی زیاتر لە کەشتییە ئەمریکییەکان وەردەگرن بەراورد بە کەشتییەکانی دیکەی وەکو چینییەکان. ئێمە کەناڵەکەمان بە چین نەداوە، بۆیە لێیان وەردەگرینەوە."
کەناڵی پەنەما لە ساڵی 1904 تاوەکو 1914 لەسەر بیرۆکەی فەرەنسا و بە پارە و هێزی دەستیی ئەمریکا دروستکرا. ئەمریکا سەروەری خۆی بەسەر کەناڵەکە و ناوچەکانی دەوروبەری سەپاند؛ بەڵام لە ساڵی 1977، لە سەردەمی ئیدارەی جیمی کارتەر ئەمریکا خاوەنداریێتی کەناڵەکەی دایە پەنەما، ئەوەش هەنگاو بە هەنگاو بوو، تاوەکو لە ساڵی 1999، چووە ژێر سەروەری حکومەتی پەنەما.
خۆسێ رائول مەلینۆ، سەرۆکی پەنەما لە وەڵامی قسەکانی ترەمپ گوتی، "هەموو مەتردووجایەکی کەناڵی پەنەما و ناوچەکانی دەوروبەری بۆ پەنەما دەگەڕێتەوە و بەو جۆرەش بەردەوام دەبێت. سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتمان جێگەی گفتوگۆکردن نین".
کەناڵی پەنەما، یەکێک لە کەناڵە ئاوییە ستراتیژییەکانی جیهانە و لە دوای کەناڵی سوێسی میسر، دووەم گرنگترین کەناڵە کە مرۆڤ دروستی کردبێت.
کەناڵەکە نزیکەی 26 ساڵە لەژێر سەروەری پەنەما دایە.
خییۆمارا، هاووڵاتییەکی پەنەمایە و لەبارەی دەنگۆکانی وەرگرتنەوەی کەناڵەکە لەلایەن ئەمریکا دەڵێت: "وەک پەنەماییەک زۆر تووڕەم، من باوەڕی تەواوم هەیە کەناڵی پەنەما هی خۆمانە، ئەمە نیشتمانمانە و هیچ کەس ناتوانێت لێمانی بسێنێتەوە".
خۆسێ مۆسکورا، هاووڵاتییەکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "ئەو کەناڵە هی ترەمپ نییە، بەڵکو هی پەنەماییەکانە. ئێمە دژی ئەو لێدوانانەی دەوەستینەوە".
کەناڵی پەنەما بە یەكێک لە دیارترین داهێنانە جوگرافیاییەکانی سەدەی 20 دادەنرێت.
زەریای ئارام بە ناوچەی دەریای کاریبی و زەریای ئاتلانتیک دەبەستێتەوە. چەندین بەرهەم لە کشتوکاڵی، سووتەمەنی و پیشەسازییەوە بیگرە تاوەکو ئۆتۆمبێل و کاڵا کووتاڵییەکان لە کیشوەری ئەمریکاوە بۆ وڵاتانی ئاسیا و بەپێچەوانەوە بە کەناڵەکەدا دەگوازرێنەوە.
درێژی کەناڵەکە 82 کیلۆمەترە، کەشتییەکی بازرگانی بە 8 کاژێر دەیبڕێت؛ لەکاتێکدا هەمان کەشتی لانیکەم 40 رۆژی پێویستە تاوەکو بە دەوری کیشوەری ئەمریکای باشوور بڕوات و بگاتە وڵاتانی ئاسیا.
ساڵانە سەرووی 14 هەزار کەشتی بە کەناڵی پەنەمادا تێدەپەڕن؛ زیاتر لە 10 هەزاریان ئەمریکین؛نزیکەی 3 هەزاریان چینین.
چین بە گەورەترین وەبەرهێنەر لە سەکۆکانی پەنەما دادەنرێت و کاریگەری سیاسیشی لەسەر حکومەتی ئەو وڵاتە جێهێشتووە کە لە 2017دا پەیوەندی بە دوورگەی تایوان پچڕاند و بە بەشێك لە خاکی چین پێناسەی کرد، ئەوەش بە سەرکەوتنێكی گەورە بۆ پەکین هەژمارکرا.
ترەمپ لە بانگەشەی خوولی یەکەمیدا باسی نەکرد، بەڵام گەڕانەوەی ترەمپ بە ستراتیژییەتی" دەستەبەرکردنی ئاشتی لە رێگەی هێزەوە" ئەگەری گۆڕینی زۆرێك لە راستی و دیفاکتۆکانی جیهان زیاتر دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ