ئەو کاتەی گەشە دەوەستێت؛ چیرۆکی ئەو پیاوە 32 ساڵەی بە رواڵەت لە منداڵ دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
دێنیس ڤاشۆرین تەمەنی 32 ساڵە، بەڵام بە رواڵەت وەکو منداڵێک دەکەوێتە بەرچاو، ئەو ئێستا لە گوندێکی وڵاتی رووسیا دەژی و لە رێگەی یوتیوب و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە باس لە چیرۆکی خۆی دەکات و باسوخواسی کێشەکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە.
 
جەستەی ئەو کوڕە لە تەمەنی 13 ساڵییەوە چیدیکە گەشەی نەکردووە، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە هەستیکردووە وەکو هاوتەمەنەکانی گەشە ناکات. ئەو بێزارە لەوەی کە هەمیشە پرسیاری لێدەکرێت چۆنە بەو تەمەنەوە هێندە منداڵ دیارە. هەربۆیە بڕیاریداوە لە گوندێک لە ناوچەی کراسنۆیارسک ژیان بەسەرببات، بەو جۆرە خەڵک هەموویان یەکدی دەناسن و پێویست ناکات هەموو رۆژێک باس لە چیرۆکی نەخۆشییەکی بکات، جگە لەوە زۆربەی کاتەکانی خۆی بەو کارانەوە بەسەردەبات کە چێژیان لێوەردەگرێت، لەوانە راوەماسی و شاخەوانی لەگەڵ هاوڕێ کچەکەی.
 
ئەو دەڵێت، سستیی گەشەی جەستەی لە سەرەتاوە کێشەیەکی ئەوتۆی بۆ دروستنەکردووە و هەستی نەکردووە منداڵەکانی دیکە گاڵتەی پێبکەن، بەڵام لەگەڵ گەورەبوونیدا جیاوازییەکان زیاتر و زیاتر لەگەڵ نەوەکانی دیکەدا دەرکەوتوون، هەروەک لەکاتی وێنەی دەرچوون لە قوتابخانەی ئامادەیی دەردەکەوێت.
 
کاتێک دڵنیابووە کە گەشەی جەستەی وەستاوە و رووخساری بە منداڵی دەمێنێتەوە، ئیدی هەستی بە "نائاسودەیی کردووە... بیرم لەوە کردەوە بڕیارە ژیانم چۆن بێت؟"
 
کێشەی دێنیس ڤاشۆرین بە تەنیا هاوتەمەنەکانی و خەڵکی چواردەوری نییە، بەڵکو جارێکیان پۆلیس رایدەگرێت و تۆمەتباری دەکەن بەوەی کە مۆڵەتی شۆفێریی ساختە کردبێت، لەسەر ئەو بنەمایەی کە تەمەن و رووخساری لەگەڵ یەک ناگونجێن. هەرچەندە دواتر پۆلیس بۆیاندەرکەوتووە کە هەڵە بوون، بەڵام مامەڵەی لەو شێوە "تووڕەی کردووە". ئەو دەپرسێت، بۆچی دەبێت هەمیشە روونکردنەوە بدات؟

 

 
دێنیس لە ڤیدیۆکەدا بە دەنگێکی توڕە دەڵێت "بۆچی دەبێت هەرجارە و ئەمە بۆ خەڵک روونبکەمەوە؟" دەشڵێت، تەنانەت ئەوانەی دەمناسن جارجار پرسیاری ئەوە دەکەن ئایا وەکو خۆی هەست بە گەنجی دەکات؟ ئاماژە بەوەش دەکات، سەرەڕای ئەوەی وەکو گەنجێک دەردەکەوێت، بەڵام لەشی بە هەمان رێژەی کەسانی دیکە پیر دەبێت.

 

💟

A post shared by Денис Вашурин (@denvashurin125) on