بزووتنەوەی تاڵیبان لە پەناگەی قاعیدەوە بۆ دۆستە نوێیەکەی ئەمریکا

رووداو دیجیتاڵ
 
لە رووداوێکی دراماتیکی و پێشهاتێکی چاوەڕێنەکراودا، بزووتنەوەی تاڵیبان خاکی پانوپۆڕی ئەفغانستانی جارێکی دیکە خستەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی و ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان بەرەو ئیمارات هەڵهات.
 
ئەگەر بڕیاربێت مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە، ئەوا لە دەرکەوتنەوەی ئەمجارەی تاڵیباندا لە ئەفغانستان، لێکچوونی زۆر لە دیمەنە گشتییەکەدا نییە، چونکە جاری پێشوو چەکدارانی بزووتنەوەکە بە نزیکەی ماوەی سێ ساڵ توانییان 90٪ی خاکی ئەفغانستان کۆنترۆڵ بکەن، کەچی ئەمجارە تەنیا چەند رۆژێک بەسبوون بۆ ئەوەی چەکدارانی ئەو بزووتنەوەیە لە ویلایەتە دوورە دەستەکانی وڵاتەکەوە، خۆیان بگەیەننە دەروازەکانی پایتەخت.
 
لە دەرکەوتنی یەکەمیدا، جیهان ماوەیەکی بەرچاوی پێویست بوو تاوەکو لەوە تێبگات کە بزووتنەوەکە، خاوەنی بیرێکی پەرگیرانەی ئیسلامییە و کەسی دیکەی قبووڵ نییە، بەڵام ئەمجارە هەمووان بنەما سەرەکییەکانی فیکری تاڵیبان دەزانن و هەر زوو سڵەمینەوە لێی دەستیپێکرد. لە دەرکەوتنی یەکەمیدا هەندێک کات پێویست بوو تاوەکو جیهان بە هەواڵی ناوچەکانی ژێر دەستی بزووتنەوەکە ئاشنا بێت و بۆی دەربکەوێت کە ئافرەتان لە هەموو شتێک بێبەش دەکرێن و دەچەوسێنرێنەوە، بەڵام ئێستا هەمووان دەزانن تاڵیبان چ داهاتوویەک بۆ ئافرەتانی وڵاتەکە دەستنیشاندەکات، هەرچەندە زۆر دڵنیایی دەدات لەوەی ئەمجارە وەک جاری پێشوو نابێت.
 
سەرەتاکانی سەرهەڵدان
 
ئەوەی وەک سەرەتای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی تاڵیبان دادەنرێت، سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردووە لە باکووری پاکستان، ئەمەش پاش پاشەکشەی هێزەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو لە ئەفغانستان پاش شەڕێکی درێژ لەو وڵاتەدا.
 
ئەستێرەی بەختی تاڵیبان لە پاییزی 1994دا گەشایەوە. بزووتنەوەکە زۆرینەی ئەندامەکانی لە پشتوونن، کە یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی هۆزەکانی ئەفغانستان. بۆچوونی باو وایە کە سەرەتای سەرهەڵدانی بزووتنەوەکە بۆ پەیمانگا ئاینییەکانی پاکستان دەگەڕێتەوە کە سعودیە زۆرینەیانی پاردەدار دەکرد و ئەوان بنەمایەکی جیهادی و ئاینیی موحافیزکار پێڕەو دەکەن.
 
لە سەرەتاکانی دەرکەوتنیدا وەک بزووتنەوەیەکی ئاینیی چەکداری لە هەریەکە لە ئەفغانستان و پاکستان، تاڵیبان بەڵێنی جێگیرکردنی ئاشتی و ئاسایش و سەپاندنی تووندی شەریعەتی لە دوای گەیشتن بەدەسەڵات دا.
 
لە هەردوو وڵاتەکەدا سزای تووندی بەپێی شەریعەت، لە شێوەی لەسێدارەدانی ئاشکرای تۆمەتباران بە تاوانی کوشتن، یان تۆمەتبارکراوان بە زینا و بڕینەوەی دەستی دزەکان جێبەجێکرد.
 
بزووتنەوەکە لە ناوچەکانی ژێر هەژموونی خۆیدا، فەرمانیدا بە ریشبەردانەوەی پیاوان و پۆشینی پەچە لەلایەن ژنانەوە. هەروەها بینینی تەلەڤزیۆنی قەدەخەکرد و گوێگرتنی لە مۆزیک و سەردانی هۆڵەکانی سینەمای حەرامکرد، دواتریش بڕیاری دا ئافرەتانی سەروو تەمەنی 10 ساڵان بۆیان نییە بچنە قوتابخانە.
 
پاکستان چەندینجار رەتیکردووەتەوە ئەو دروستکەری تاڵیبان بێت، بەڵام ئەوە ئەو راستییە ناشارێتەوە کە زۆرینەی ئەو ئەفغانییانەی لەسەرەتاوە پەیوەندییان بە ریزەکانی تاڵیبانەوە کرد، لە پەیمانگا ئاینییەکانی پاکستاندا خوێندبوویان. جیا لەوەش پاکستان دوایین وڵاتبوو لە 2001دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ بزووتنەوەکەدا بپچڕێنێت. لە کاتێکدا پاکستان یەکێکبوو لەو تاکە سێ دەوڵەتەی دونیا کە دانی بەتاڵیباندانا کاتێک (لەپاڵ هەریەک لە سعودیە و ئیمارات)، لە ناوەڕاستی نەوەتەکان تاوەکو ساڵی 2001 لە دەسەڵاتی ئەفغانستاندابوون. 
 
مێژووی سەرکردایەتی
 
سەرکردایەتی بزووتنەوەی تاڵیبان لەلایەن مەلا عومەرەوە سەرپەرشتیدەکرا، ئەو پیاوەی لە جەنگ بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەتدا لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، چاوێکی لەدەستدا.
 
تاڵیبان لە ئابی 2015دا ئاشکرایکرد بۆ ماوەی دوو ساڵ کوژرانی مەلا عومەری شاردووەتەوە، پاش راگەیاندنی مەرگی مەلا عومەر، بزووتنەوەکە لە ئەیلوولی هەمان ساڵدا رایگەیاند، لە ژێر سەرپەرشتی مەلا مەنسووڕدا جارێکی دیکە هێزەکانی رێکدەخاتەوە.
 
مەلا مەنسوور لە هێرشێکی درۆنەکانی ئەمریکادا لە ئایاری 2016 کوژرا و لەبری ئەو، مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوند زادە، کە پیاوێکی ئاینیی تووندڕەوە، شوێنی گرتەوە. جیا لە مەلا مەنسوور، لانیکەم سێ سەرکردەی دیکەی بزووتنەوەکە لە ماوەی دواتردا لە هێرشی درۆنەکانی ئەمریکادا کوژران، لە نێویاندا مەلا نەزیر و وەلی رەحمان.
لە تشرینی دووەمی 2013دا، سەرچاوەکان باسیان لە کوژرانی سەرۆکی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستانکرد بە ناوی حەکیموڵڵا، لە هێرشێکی ئاسمانیدا.
 
تاڵیبانی پاکستان بەر لە کوژرانی پیاوی ژمارە یەکی، لە تشرینی یەکەمی 2012دا رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بووەوە، کاتێک چەکدارەکانی هێرشیان کردە سەر ماڵی قوتابییەکی پاکستانی بەناوی مەلالا یوسف زای لە شارۆچکەی مینگۆرا و بە سەختی برینداریان کرد.
 
تەقەکردن لە کچێکی مێردمنداڵی پاکستانی کە تەنیا خەونی درێژەدان بوو بە خوێندن لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئەفغانستان و تاڵیبان، رووداوێکی قێزەونی ئەوکاتبوو، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەنگ مەلالاوە چوون و لە بەریتانیا چارەسەرکرا و دواتریش خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێدرا.
 
تاڵیبان وەک داڵدەدەری قاعیدە
 
بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان لە دوای هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەری 2001ەوە کەوتە ناو بازنەی بایەخی جیهانەوە، کاتێک دوو تاوەرەکەی رێکخراوی بازرگانیی جیهان کەوتنە بەر هێرش. بزووتنەوەکە لەلایەن ئەمریکا و جیهانەوە بەحەواندنەوە و داڵدەدانی رێکخراوی قاعیدە تۆمەتبارکرا, کە دواتر بەرپرسیاریەتی هێرشەکانی ئەمریکای لە ئەستۆ گرت.
 
ماوەیەکی کەم دوای هێرشەکان، هێرشی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، کۆتایی بەدەسەڵاتی تاڵیبان هێنا، مەلا عومەری سەرکردەی بزووتنەوەکە هەڵهات.
 
تاڵیبان لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانیدا لەلایەن ئەفغانییەکانەوە پێشوازی لێکرا، چونکە ئەوان کۆتاییان بە دەسەڵاتی گرووپە ناکۆک و شەڕکەرەکانی وڵاتەکە هێنا, کە ساڵانێکی زۆر لە پانتایی خاکی ئەفغانستاندا شەڕیان دەکرد و هەزاران کەسیان کردە قوربانی.
 
ئەوەی دڵخوازیی بۆ تاڵیبان دروستکرد، سەپاندنی دەسەڵاتی تاکلایەنەیان بوو بەسەر ناوچەکانی ‌ژێر دەستیاندا، بەتایبەت کە بزووتنەوەکە بەچەپۆکی پۆڵایینەوە دەسەڵاتی بەڕێوەدەبرد و ناوچەکانی ژێر هەژموونی چەکدارەکانی، ئارامییان بەخۆوە دەبینی.
 
هەڵکشانی تاڵیبان
 
لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە سەریانهەڵدا، گۆڕەپانی دەرکەوتن و درەوشانەوەیان باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە بوو، لە سێپتێمبەری 1995دا یەکەم شاری گەورە کە هەرێمی هیراتی هاوسنووری ئێران بوو، کەوتە دەست تاڵیبان، ساڵێک دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیە، تاڵیبان کۆنترۆڵی کابوولی کرد و کۆتایی بە دەسەڵاتی حکوومەتی میرەکانی جەنگ هێنا، حکومەتێک کە بورهانەدین رەبانی، سەرۆکایەتی دەکرد و ئەحمەد شا مەسعود، وەزیری بەرگری بوو، لە سەرەتاکانی ساڵی 1998دا، 90٪ی خاکی ئەفغانستان کەوتە ژێر کۆنترۆڵی بزووتنەوەکەوە.
 
دەسەڵاتی تاڵیبان رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە، بەڵام بزووتنەوەکە گوێی بۆ کەس نەگرت، تەنانەت کاتێک لە ساڵی 2001دا بڕیاری تەقاندنەوەی دوو پەیکەری بوزایدا لە بامیانی ناوەڕاستی ئەفغانستان، هیچ کەسێک نەیتوانی بزووتنەوەکە لەو هەنگاوە پاشگەز بکاتەوە.
 
لە حەوتی ئۆکتۆبەری 2001دا، هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چوونە ناو ئەفغانستانەوە و لە ماوەی هەفتەیەکدا دەسەڵاتی بزووتنەوەکە داڕووخا.
 
هەرچەندە ماوەیەکی کەم دوای هێرشی هێزەکانی هاوپەیمانان شکستی یەکجاری تاڵیبان لەلایەن جۆرج بووشی سەرۆکی ئەمریکاوە راگەیێنرا، بەڵام ئەو بزووتنەوەیە لە چالاکی نەکەوت و بەردەوامبوو لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان و سوپا و پۆلیسی ئەفغانستان.  لە سێپتێمبەری 2012 تاڵیبان هێرشێکی گەورەی کردە سەر بنکەی کامپ باستیۆنی سەر بە ناتۆ، لەهەمان مانگدا سوپای ئەمریکا سەرپەرشتیکردنی بەندیخانەی باگرامی رادەستی هێزەکانی حکومەتی ئەفغانستان کرد کە سەدان گیراوی تاڵیبانی تێدا بەندکرابوو.
 
لە چەند ساڵی رابردوودا، تاڵیبان تاکتیکی هێرشی خێرا و پارتیزانییانەی لە دژی هاوپەیمانان و سوپای ئەفغستان گرتە بەر. هەرچەندە قورسە ئاماری تەواوی قوربانییانی هێرشەکانی تاڵیبان دەستنیشان بکرێت، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان ئاشکرایکردووە کە بزووتنەوەکە بەرپرسە لە کوشتنی لانیکەم 1800 ئەندامی پۆلیسی ئەفغانی لە ساڵی 2012دا.
 
سەرەتاکانی دووبارە گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سێپتێمبەری 2015 دەگەڕێتەوە کاتێک چەکدارەکانی کۆنترۆڵی شاری قەندوزیان کرد و ئەوەش کۆنترۆڵکردنی یەکەم پایتەختی هەرێمەکانی وڵاتەکە بوو.
 
دروستبوونی تاڵیبان
 
سەرەتاکانی دروستبوونی بزووتنەوەکە بۆ قوتابخانە ئاینییەکانی ویلایەتی قەندەهار دەگەڕێتەوە لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەفغانستان، مەلا محەممەد عومەر موجاهید، بیرۆکەی لەناوبردنی گەندەڵی و سەقامگیری ئەفغانستانی گەڵاڵەکرد و قوتابی فێرگە ئاینییەکان هاوکاری بوون لە پراکتیزەکردنی بیرۆکەکانیدا.
زۆرینەی ئەندامانی بزووتنەوەی تاڵیبان سەر بە پشتۆنن کە نیشتەجێی باشوور و رۆژهەڵاتی وڵاتەکەن و نزیکەی 38٪ی کۆی دانیشتووانی وڵات پێکدەهێنن، ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە 39 ملیۆن کەسە.
 
چوارچێوەی هزری
 
بزووتنەوەی تاڵیبان، بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی ئیسلامیی سوننە مەزهەبی چەکدارییە، لەسەر مەزهەبی حەنەفی دەڕوات. چەکدارەکانی بزووتنەوەکە لەسەر هەمان چوارچێوەی هزری پەروەردە دەکرێن و خوێندکارانی ئەو فێرگە ئاینییانەی چەکدارەکانی لێوە دەردەچن، قۆناخەکانی سەرەتایی، ناوەندی و باڵا تەواو دەکەن و لە کۆتا ساڵی خوێندندا، هەر خوێندکارێک وەرزێکی تایبەت بە خوێندنی زانستی حەدیس بەسەردەبات.
 
لە میانی خوێندنی قوتابیدا، نازناوی قوتابی بەپێی پلەی خوێندنەکەی دەگۆڕێت، لەسەرەتادا بە قوتابی ناودەبرێت و لە قۆناخی دواتردا دەبێتە مەلا، بەڵام خوێندنی تەواو نەکردووە، پاشانیش نازناوی مەولەوی پێدەدرێت، کاتێک خوێندنەکەی تەواو دەکات.
 
رێکخستنی تاڵیبان
 
بزووتنەوەی تاڵیبان خاوەنی سیستمێکی رێکخستن نییە، پەیکەری کارگێڕیی روونی نییە، پەیڕەوی نێوخۆی بۆ رێکخستنی کاری ئەندامەکانی نییە، پڕۆگرامیشی نییە بۆ رێکخستنی پەیوەندی نێوان بەشەکانی، تەنانەت هیچ پڕۆگرامێک نییە بۆ پەروەردەکردنی ئەندامەکانی، کارتی ئەندامیەتیش بەهیچ کەسێک نادات کە پەیوەندی پێوە دەکات.
 
تاڵیبان دەڵێن ئێمە حیزبێک نین وەک حیزبەکانی دیکە، سیستمی کارگێڕیمان بوێت، بەڵکو تەنیا خزمەتی گەل دەکەین لە رێگەی چالاککردنی دامەزراوەکانی حکومەتەوە. وێڕای ئەوەش پەیکەربەندییەک لە نێو بزووتنەوەی تاڵیباندا کە بەمشێوەیە دەردەکەوێت:
 
میری موسڵمانان
 
ئێستا میری بزووتنەوەکە مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادەیە، دەسەڵاتێکی فراوانی هەیە، بە میری موسڵمانان ناودەبرێت، مافی شەرعی هەیە و نابێ کەس لە قسەی دەربچێت، کارکەنار ناکرێت تەنیا ئەگەر لە رێوشوێنەکانی ئاین لابدات، یان توانای ئەنجامدانی ئەرکەکانی نەمێنێت، تاوەکو مردن لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.
 
لە پاش میری موسڵمانانەوە، ئەنجوومەنی ناوەندیی شوورای بزووتنەوەکە دێت. ئەندامەکانی جێگیر نین، هەرچەندە لە سەرەتای دروستبوونی بزووتنەوەکەدا 70 کەس ئەندامی ئەو شورایە بوون. 
 
پلەی سێیەمی نێو پەیکەربەندییەکە ئەنجوومەنی شورای باڵای بزووتنەوەی تاڵیبانە، هەموو سەرکردە دیارەکانی بزووتنەوەکە لە خۆ دەگرێت. دوای ئەویش خانەی فەتوای ناوەندی دێت، ئەوانە ژمارەیەک مەلان کە توانای فەتوادانیان هەیە، بارەگای ئەم خانەیە لە قەندەهارە، کە منداڵدانی رەسەنی بزووتنەوەکەیە.
 
لە وردکردنەوەی دەسەڵاتەکانی نێو بزووتنەوەکەدا، ئەنجوومەنی شورای ویلایەتەکان دێت، لەوێدا دەسەڵاتی زۆر بە والی ویلایەتەکان دراوە و ئەو سەرپەرشتی ئەنجوومەنی شورای ویلایەتەکەی دەکات.
 
وێڕای بوونی ئەنجوومەنەکانی شورا، بەڵام بزووتنەوەکە باوەڕی وایە کە شورا دیاردەیەکە نەک پابەندییەکی ناچاری، چونکە بڕیارە گرنگەکان سەرۆکی بزووتنەوەکە دەیدات بە راوێژی ئەنجوومەنی شورا و ئازادیی تەواوی هەیە لە وەرگرتن یان رەتکردنەوەی رای ئەندامانی شورادا.
 
هۆکارەکانی یەکگرتوویی بزووتنەوەکە
 
بزووتنەوەی تاڵیبان، پێڕەوی ناوخۆی نییە بۆ رێکخستنی کاروبارەکانی، سیستمی ئەندامیەتیشی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا بزووتنەوەیەکی پتەوە، هۆکاری نەبوونی جیاوازی و ناکۆکی بۆ پاشخانی هزریی یەکگرتووی سەرجەمی ئەندامەکانی دەگەڕێتەوە، چونکە زۆرینەی رەهایان دەرچووی فێرگە و پەیمانگە ئاینییەکانن، کە بنەماکانی بیری بزووتنەوەکەی لێوە فێردەبن.
 
جیا لەوەش میری بزووتنەوەکە کۆنترۆڵی رۆحی بەسەر ئەندامانی بزووتنەوەکەیدا هەیە، لادان لە بڕیارەکانی وەک لادان لە فەرمایشتە شەرعییەکان لێکدەدرێتەوە، جیا لەوەش نەبوونی کەسایەتی دیار لە خوار میرەوە، هۆکاربووە بۆ پاراستنی بزووتنەوەکە بەیەکگرتوویی.
 
تاڵیبان سیستمێکی سەربەخۆ بۆ خۆپاراستن لە پەرتبوون و جیابوونەوە پەیڕەو دەکات، کەسانی دیار لە بزووتنەوەکەدا نین، ئەمەش وایکردووە رێکخستن لە نێو رێکخستنەکانیدا دروست نەبن، هەروەها سەرچاوەی فرەهێزی تێدا دروست نەبێت. ئەوان هەروەها بە تووندی و دەستبەجێ سزای سەرپێچیکارانی ناوخۆیی دەدەن، پۆستەکانیش بەردەوام ئاڵوگۆڕیان تێدا دەکرێت و کەس بۆ ماوەی زۆر لە شوێنی خۆی نامێنێتەوە. بزووتنەوەکە هەروەها ئەندامانی حیزبە ئەفغانییەکانی دیکە کاتێک وەردەگرێت، هیچ پۆستێکیان ناداتێ.
 
تاڵیبان و دیموکراسی
 
تاڵیبان بەکارهێنانی وشەی دیموکراسی رەتدەکاتەوە، چونکە پێیوایە "مافی یاسادانان دەداتە گەل نەک خوا"، بزووتنەوەکە دانانی دەستوور یان کارنامە بۆ رێکخستنی کاروباری دەوڵەت بەپێویست نازانێت، پێیوایە قورئان و سوننەت دەستووری دەوڵەتی ئیسلامین.
 
بزووتنەوەکە پێیوایە میری موسڵمانان لە پلەی خەلیفەدایە، ئەهلی حەل و عەقد "ریشسپییەکان" هەڵیدەبژێرن، ماوەی مانەوەی میری موسڵمانان دیاریکراو نییە، تەنیا ئەگەر نەیتوانی ئەرکەکانی رایی بکات یان مرد، یان سەرپێچی ئاینی کرد، لادەبرێت.
 
بزووتنەوەکە زۆر بایەخ بە رووکەشی ئیسلامییانە دەدات، جیا لە ریش، بەپێویستی دەزانێت پیاوان عەمامە لەسەر بکەن، شەرواڵیان کورت بێت، مۆزیک و وێنەگرتن و کاری ئافرەتان لە دەرەوەی ماڵ رێگەپێدراو نییە، بۆ جێبەجێکردنی ئەوەش دەستەکانی فەرمان بەچاکە و رێگری لە خراپە، ئەو ئەرکانە جێبەجێدەکەن.
 
بزووتنەوەکە هەروەها رێگەنادات بە پێکهاتنی حیزبی سیاسیی نوێ، بوونی حیزبەکانیش قبووڵ ناکات، سەرۆکی بزووتنەوەکە دەڵی بۆیە حیزبەکان رەتدەکەینەوە، چونکە ئەوان "لەسەر بنەمای هۆزەکی یان زمانەوانی یان رەچەڵەک دامەزراون و ئەوەش جۆرێکە لە دەمارگیرییەکانی سەردەمی جاهیلیەت، ئەوەش سەردەکێشێت بۆ کێشە و دوژمنایەتی و جیاکاری لە نێو خەڵکدا".
 
کێ لە پشت تاڵیبانەوەیە؟
 
ئەمە ئەو پرسیارەیە کە بەردەوام خۆی زەقدەکاتەوە، بۆچوون و لێکدانەوەکان زۆرن لەبارەی پشتگیری و دەستی پشتەوەی بزووتنەوەکە، هەندێکیان دەستی پشتەوە بە هەواڵگریی پاکستان دادەنێن، هەندێکیش بە هەواڵگریی ئەمریکا لە سەردەمی جەنگی یەکێتیی سۆڤیەت، بەڵام بزووتنەوەکە هەموو ئەوانە رەتدەکاتەوە.
 
ئەوەی کە وایکردووە کارەکە بدرێتە پاڵ پاکستان، ئەو گەشتە بوو کە ئۆکتۆبەری 1964 ژەنەراڵ نەسیروڵڵا بابر، وەزیری ناوخۆی پاکستان بۆ باشوور و رۆژئاوای ئەفغانستان کردی و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی ویلایەتەکانی قەندەهار و هیرات کۆبووەوە کە لە ژێردەستی چەکدارانی بزووتنەوەکەدا بوون. دواتر سەردانی ئەو وەزیرە ناردنی کاروانێکی هاوکاریی پێکهاتوو لە 30 بارهەڵگری لەژێر سەرپەرشتی کۆڵۆنێلێکی پاکستانیدا بۆ تاڵیبان لێکەوتەوە. کاروانە هاوکارییەکە نزیکبوو لەوەی لەلایەن گرووپی گەیلانی بە سەرپەرشتی مەنسوور ئاغا دەستی بەسەردا بگیرێت، بەڵام چەکدارەکانی بزووتنەوەکە رزگاریان کرد.
 
ئەوەی جێگیرە ئەوەیە کە تاڵیبان لانیکەم بەر لەو مێژووە بە چوار مانگ چالاکییەکانی خۆی دەستپێکردبوو و دەرکەوتنیشنی هاوکات بوو لەگەڵ ویستی پاکستان بۆ بەدەستهێنانی پشتگیرییەکی میللی هاوشێوەی ئەوەی تاڵیبان هێواش هێواش لە ئەفغانستاندا بەدەستیدەهێنا.
 
هەندێکی دیکە پێیانوایە مەولەوی فەزڵ رەحمان، میری کۆمەڵەی زانایانی ئیسلام لە پاکستان، کە سەرۆکایەتی لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی پاکستانی دەکرد لە حکومەتی بینەزیر بۆتۆ، ئەو بیرۆکەی دروستکردنی تاڵیبانی خستووەتەڕوو و لەوەشدا بورهانەدین رەبانی و عەبد رەب رەسول سەیاف، راوێژکاری بوون و رازیبوون بەو هەنگاوە، ئەوەش لەبەرئەوەی پێیانوابووە ئەوە هەنگاوە گورزێکی کوشندە دەبێت لە دوژمنە بەهێزەکەیان کە قەلبەدین حیکمەتیار بوو.
 
هەرچی مەلا محەممەد عومەری سەرۆکی بزووتنەوەکەیە، لەبارەی دروستبوونییەوە دەڵێ بیرۆکەکە ئەوکات هاتە مێشکییەوە کە قەبارەی گەندەڵی بەربڵاوی لە ویلایەتی قەندەهاردا بینی، ئەوکات پێیوابوو کە دەبێ سنوورێک بۆ ئەو گەندەڵی و بەربەرەڵڵاییە دابنرێت کە وڵاتەکەی گرتبووەوە.
 
تایبەتمەندییە کەسییەکانی ئەندامانی تاڵیبان
 
ئەندامان و چەکدارانی بزووتنەوەکە چەند تایبەتمەندییەکی دەروونییان هەیە، دیارترینیان کەللەڕەقی و تووندی و بەرگەگرتنی ناخۆشییەکانە، لەمەشدا هاوشێوەی دانیشتووانی ئەفغانستان و ویلایەتی قەندەهارە.
 
لەوانەیە ئەوەی لە کەسایەتیی قەندەهارییەکاندا هەیە، لە پێشبڕکێیەکی میللیی ناوچەکەیاندا رەنگبداتەوە کە رەواجێکی زۆری هەیە و ناوی 'کوژاندنەوەی پشکۆ'، پێشبڕکێیەکە بریتییە لە بەدەستەوەگرتنی پشکۆی داگیرساو بەدەست بۆ زۆرترین ماوە. براوەی پێشبڕکێیەکە ئەو کەسە دەبێت بۆ زۆرترین ماوە پشکۆکان بەدەستییەوە بگرێت و جووڵە نەکات و هاواری لێبەرزنەبێتەوە کاتێک دەستەکانی دەسووتێن.
 
هۆکارەکانی سەرهەڵدانی تاڵیبان
 
چەندین هۆکار رۆڵیان هەبوو لەوەی خەڵکی ئەفغانستان ئامێز بۆ بزووتنەوەی تاڵیبان بکەنەوە، جیا لەوەش هۆکاری جیاوازی دەرەکی هەبوون بۆ گەشەکردنی تاڵیبان.
 
لەسەر ئاستی ناوخۆ، دیارترین هۆکاری گەشەی خێرای بزووتنەوەکە بۆ جەنگی نێوخۆیی ئەفغانستان دەگەڕێتەوە.
جەنگی نێوخۆیی ئەفغانستان کە لە نێوان لایەنە چەکدارەکانی وڵاتەکەدا بەرپابوو، هۆکاری سەرەکی جەنگەکە ململانێ بوو بۆ گەیشتنە دەسەڵات، بەتایبەت کە هەموو لایەنێک خۆی بەشیاوتر دەزانی بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات. ئەم جەنگە نزیکەی 40 هەزار قوربانیی لێکەوتەوە، ئەمە جیا لە وێرانکردنی وڵاتێک کە خۆی بەدەست جەنگ لە دژی یەکێتیی سۆڤیەت وێرانبووبوو.
 
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و میانگیران نەیانتوانی سنوورێک بۆ ئەو جەنگە دابنێن، ئەمەش پاڵنەربوو بۆ ئەوەی ژمارەی زۆری ئەفغانییەکان پێشوازی لە تاڵیبان بکەن و پێیانوابێت ئەو بزووتنەوەیە هۆکارێکە بۆ رزگاربوونیان لە ئافاتەکانی جەنگی نێوخۆیی و گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ وڵات.
 
پشێوی و بێ یاسایی
 
لە دوای وەدەرنانی هێزەکانی یەکێتیی سۆڤیەت، پشێوی ئەفغانستانی گرتەوە، وڵاتەکە بەسەر چەندین ناوچەی جیاوازی ژێر دەسەڵاتی گرووپە ناکۆکەکاندا دابەشبوو، هیچ هێزێکی بەتوانا نەبوو کۆنتڕۆڵی وڵاتەکە بکات و رێزگرتن لە یاسا بسەپێنێت.
 
لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی تاڵیباندا، حکومەتی رەبانی و ئەحمەد شا مەسعود، کۆنترۆڵی 7 ویلایەتیان بەدەستەوەبوو لە ناوەڕاست و باکووری وڵاتەکە، لە کاتێکدا رەشید دۆستەمی سەرکردەی چەپ کۆنترۆڵی 6 ویلایەتی بەدەستەوەبوو، لە باکووری وڵات، هەرچی گرووپی 'شورای نەنگهار'ە، کۆنترۆڵی سێ ویلایەتی رۆژهەڵاتی کردبوو و ئیدارەی ئیسماعیل خان دەسەڵاتی خۆی بەسەر رۆژئاوای وڵاتەکەدا سەپاندبوو، ئەمە جیا لە چەندین ویلایەتی دیکە کە هیچ لایەنێک باڵادەستنەبوو تێیدا، هەرئەوەش بووە ئومێد بۆ ئەفغانییەکان لەپێناو یەکخستنەوەی وڵاتەکە.
 
گەندەڵی
 
بەهۆی جەنگی درێژی یەکێتی سۆڤیەت لە ئەفغانستان، گەندەڵی سەراپای وڵاتەکەی گرتەوە و نەبوونی حکومەتێکی ناوەندیی بەهێز، هۆکاربوو بۆ بڵاوبوونەوەی هەموو جۆرەکانی گەندەڵی دارایی و ئەخلاقی لە وڵاتەکەدا. جیا لەوەش پشێوی باڵی بەسەر وڵاتەکەدا کێشابوو، هەژاری بەربڵاو و بێکاری بەشی زۆرینەی دانیشتووانی وڵاتەکە بوو، لە شارەکاندا ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان دەدزرا، ئەم دزییانە ئۆتۆمبێلی ئاژانسەکانی فریاگوزاری و رێکخراوە مرۆییەکانیشی دەگرتەوە، ئەمە جیا لە بەسەردادان و پێکدادانی چەکداری نێوان گرووپەکان لە ناوچە پڕ دانیشتووانەکان، کە بووە هۆی کوژرانی هەزاران هاووڵاتی و برینداربوونی هەزارانی دیکە. هەر ئەو بێیاساییە سەریکێشا بۆ سەرانەسەندن و خاوەسەندن لە خەڵک، ئەوەش هێندەی دیکە دۆخی ژیانی خەڵکی خراپکرد و دەرکەوتنی هێزێک کە بتوانێت کۆتایی بەهەموو ئەو دۆخە خراپە بهێنێت، پێشوازی لێکراو بوو.
 
لۆردەکانی جەنگ
 
جەنگی وەدەرنانی یەکێتیی سۆڤیەت لە ئەفغانستان، وایکرد لە وڵاتەکەدا لۆردەکانی جەنگ سەرهەڵبدەن، لۆردەکان ئەو سەرکردە سەربازییانەی جەنگ بوون کە دواتر هەر یەکەیان بەشێکی وڵاتی کۆنترۆڵکرد و کەوتنە وێزەی خەڵک و گرووپە رکابەرەکانیان. لۆردەکان سەرچاوەی یەکەمی داهاتی خۆیان لە پاشماوەی جەنگەوە کۆکردەوە، بەتایبەت چەک و تەقەمەنی و کەرەستە جەنگییەکان، ئەمە جیا لە کۆنترۆڵکردنی هەندێک دەروازەی سنووری و باجی سەر سنوورەکان. هەموو ئەمانە وایکرد چینێکی دەوڵەمەندی کەمینە لە نێو زۆرینەی هەژاری وڵاتەکەدا دروست ببن، لە کاتێکدا کە گەلی ئەفغانستان ئەوکات بە یەکێک لە نەدارترین میللەتانی جیهان دادەنرا بەهۆی شەڕی درێژی دژی سۆڤیەت و وێرانبوونی وڵاتەوە. کەڵەکەبوونی ئەم رووداوانە وایکرد هەموو ئەوانەی دەیانویست لە ژێر دەستی گرووپە شەڕکەرەکان رزگاریان ببێت، چاویان لەوە بێت هێزێک بێت و دادپەروەری بۆ وڵاتەکە بگێڕێتەوە.
 
هۆکارە دەرەکییەکان
 
هۆکارە دەرەکییەکانی سەرهەڵدانی تاڵیبان، لە چەندین شوێنی جیاوازەوە یەکیان گرت و پێکەوە خزمەتی کشانی تاڵیبان و بەدەسەڵاتی گەیشتنی ئەویان کرد لەوانەش.
 
پاکستان: کە هەمیشە هەوڵیدەدا دەسەڵاتێکی دۆست و نزیکی خۆی لە ئەفغانستاندا فەرمانڕەوا بێت، ئەمە لەپێناو ئاسانکاری کاری بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات و وڵاتانی دیکەی ناوەندی ئاسیا. پاکستان لە حکومەتی رەبانی و ئەحمەد شا مەسعودا ئەو نیازەی بۆ نەچووە سەر، چونکە تۆمەتباریکردن بەهاوکاریکردنی دوژمنەکەی پاکستان کە هیندستانە. پاکستان هەوڵیدا لە رێگەی حیکمەتیار و دۆستەمەوە حکومەتی ئەفغانستان بڕووخێنێت، بەڵام ئەوەی بۆ نەچووە سەر، هەر بۆیە لەگەڵ دەرکەوتنی زۆر سەرەتایی تاڵیباندا، پاکستان پێشوازی لێکرد.
 
ئەمریکا: هەرچی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تاڵیباندا یەکیاندەگرتەوە، ئەمریکا لەسەرەتاوە رێگەی لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەکە نەگرت، بەڵام کاتێک بەرژەوەندییەکانی هەردوولا رووبەڕووی یەکبوونەوە، ئەمریکا لە دژی تاڵیبان وەستایەوە و بوونە سەرسەختترین دوژمنی یەکدی.
 
ئەوەی لە بوونی تاڵیباندا لە ئەفغانستان سوودی بە ئەمریکا دەگەیاند، ئەو بەربەستەبوو کە تاڵیبان وەک هێزێکی سوننە لە بەرامبەر باڵکێشانی ئێرانی شیعەدا بەرەو ناوەڕاستی ئاسیا، رادەوەستایەوە.
 
ئامانجەکانی تاڵیبان
 
تاڵیبان لە نۆڤێمبەری 1994 لە دوای کۆنتڕۆڵكردنی ناوچەی سبین بۆلدک، لە زاری مەلا عەبدولمەنان نیازی، گوتەبێژی بزووتنەوەکەوە رایگەیاند، ئامانجی بزووتنەوەکەیان گێڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری و کۆکردنەوەی چەکی لایەنەکانە، ئەمە جیا لە ناوبردنی بنکەکانی کۆکردنەوەی سەرانە لە خەڵک لەسەر رێگە گشتییەکانی وڵاتەکە.
 
ئەو ئامانجە سادانەی بزووتنەوەکە گۆڕان بۆ ئامانجی گەورەتر، ئەمەش کاتێک بزووتنەوەکە بووە دەسەڵاتداری یەکەمی وڵاتەکە، ئەوکات لە ئەپریلی 1996دا، مەلا محەمەد عومەر لەبەردەم لایەنگرانی بزووتنەوەکەیدا چەندین ئامانجی جیاوازی دەستنیشانکرد. لەوانەش، دەسەڵاتی ئیسلامی هاوشێوەی سەردەمی خەلیفەکان، دەستنیشانکردنی زانایانی ئیسلام بۆ پۆستە باڵاکانی دەوڵەت، دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی، بەئیسلامیکردنی ئابووریی وڵات و هەڵبژاردنی پڕۆگرامی ئیسلامیی لەسەداسەد بۆ خوێندنگە و قوتابخانەکان و چاوخستنە سەر سەرپۆشی ئیسلامی بۆ ئافرەتان و پابەندکردنی هەموو ئافرەتان پێیەوە و چەندین رێوشوێن و ئامانجی دیکەش.