لەسەر هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەیان، سوێد بەرپرسی کاروباری دەرەوەی عێراق لە ستۆکهۆڵم بانگهێشت دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سوێد سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا دەکات و دەڵێت، هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانە و دیپلۆماتکاران "دەچێتە قاڵبی پێشێلکاریی جیدیی پەیماننامەی ڤیەننا." بەرپرسی کاروباری دەرەوەی عێراقیش لە ستۆکهۆڵم بانگهێشت دەکات.
رۆژی پێنجشەممە 20-07-2023 وەزارەتی دەرەوەی سوێد لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا رایگەیاند، "ئەوەی روویداوە بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵکردن نییە و حکومەتیش بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی دەکات."
تۆبیاس بیڵسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوێد لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، "بەگوێرەی پەیماننامەی ڤیەننا، بەرپرسیارێتیی بەرپرسانی عێراقە پارێزگاری لە باڵیۆزخانەکان و دیپلۆماتکارەکانی بکەن."
سوێد دەڵێت، ستافی باڵیۆزخانەکەیان سەلامەتە بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی دیکە دەربارەی زەرەر و زیانەکانی هێرشەکە ئاشکرا بکات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پینجشەممە خۆپێشاندەران جارێکی دیکە هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا و بەشێکی باڵەخانەکەیان سووتاند. ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە سەلوان مۆمیکا، هاووڵاتیی بە رەچەڵەک عێراقی و هاووڵاتییەکی دیکە، ئەمڕۆ لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق بسووتێنن.
سەبارەت بە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق کارەکە سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، ئەو کارە پەلاماردانی نێردەی دیپلۆماسی و هەڕەشەکردنە لە ئاسایشیان. داواشی کردووە، لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە لە رووداوەکە بکرێت و "بەگوێرەی یاسا بکەرانی ئەو کارە سزا بدرێن."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشتر سووتاندنی قورئانی پیرۆزیشی لەلایەن سەلوان مۆمیکاوە سەرکۆنە کردبوو، بە فەرمییش داوای کردووە هاووڵاتییەکە دیپۆرتی عێراق بکرێتەوە.