ڤاگنەر کۆنترۆڵکردنی باخمووت رادەگەیێنێت و ئۆکراینا رەتیدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گرووپی ڤاگنەری نزیک لە رووسیا کۆنترۆڵکردنی تەواوی شاری باخمووتی راگەیاند کە بە درێژترین و خوێناویترین شەڕ و پێکدادان لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکی شەڕ لە ئۆکراینا دادەندرێت.
رۆژی شەممە، 20ـی ئایاری 2023، یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندەی هێزەکانی بە ئاڵای رووسیا و گرووپەکەیانەوە دەرکەوتن و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی شارەکەیان راگەیاند.
سوپای ئۆکراینا هەر زوو راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رەتیکردەوە شارەکە بە تەواوی کەوتبێتە دەستی گرووپەکە و سوپای رووسیا. هیچ کام لە میدیای رۆژئاوا نەیانتوانیوە کەوتنی باخمووت پشتڕاستبکەنەوە. هاوکات، لە گرتە ڤیدیۆیەکەی سەرۆکی ڤاگنەریش دەنگی تەقە و تەقینەوە لە دوورەوە دەبیسترێت.
پریگۆژین رایگەیاند، "کاژێر2ی نیوەڕۆ باخمووت بەتەواوی کۆنترۆڵکرا" و گوتی 25ی ئایاری ئەمساڵ باخمووت رادەستی سوپای رووسیا دەکەن.
ڤاگنەر کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتە و بە کرێ شەڕ بۆ رووسیا دەکەن بەڵام بەو مەرجەی چەک و تەقەمەنیان پێبدرێت. لە چەند وڵاتێکی دیکەشدا، بەرامبەر پارە ئەرکی پاسەوانی بۆ کۆمپانیا زەبەڵاحەکان دەکەن.
رۆژی 5ـی ئایاری ئەمساڵ پریگۆژین لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەنێو تەرمی چەکدارەکانی زۆر بە توڕەیی دەرکەوت و هەڕەشەی کشانەوەی هێزەکانی کرد ئەگەر تا 9ی ئایار چەکیان پێنەدرێت.
نازانرێت هەڕەشەی کشانەوەی ڤاگنەر تاکتیک بووە یاخود بەڕاستی ئەو هێزانە چەکیان لێبڕاوە و لەگەڵ رووسیا لەسەر پڕچەککردن گەیشتوون بە رێککەوتن.
زیاتر لە شەش مانگە شەڕ و پێکدادان لە باخمووت بەردەوامە، باخمووت شارێکی دەوڵەمەند نییە بە کانزا و سەرچاوەکانی ژێرزەوی، بەڵام لەڕووی شەڕەوە ستراتیژییە و ئۆکراینییەکان وەکو سیمبوڵی بەرخودان ناوی دەبەن.
گرووپی ڤاگنەر ساڵی 2014 دامەزراوە و یەکێکە لە کۆمپانیا ئەمییە تایبەتەکانی رووسیا و رۆڵی گەورەی لەسەرخستنی پرۆسە سەربازییەکانی رووسیا لە سووریا و ئۆکراینا هەبووە، بەگوێرەی لێدوانێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، گرووپی ڤاگنەر 50 هەزار چەکداری هەیە کە 10 هەزاریان گرێبەستن. مۆسکۆش رەتیدەکاتەوە بەفەرمی سەربازەکانی کۆمپانیای ڤاگنەر سەر بە ئەو بن.