رووسیا هەناردەکردنی گاز بۆ فینلاند رادەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی رایگەیاند، لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 21-5-2022، ناردنی گازی سرووشتی بۆ فینلاند دەوەستێندرێت.
فینلاند سنووری هاوبەشی لەگەڵ رۆژئاوای رووسیا هەیە. لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ تاوەکو 16ـی ئادار، رۆژانە سێ ملیۆن و 200 هەزار مەتر سێجا گازی سرووشتی لە رووسیا هاوردەکردووە.
میکا فیلایانین، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی رایگەیاند، "بە داخەوە بە گوێرەی ئەو گرێبەستەی لە نێوانماندا هەیە، دەبێت هەناردەکردنی گاز بۆ فینلاند بوەستێندرێت و لە کاژێر 07:00ـی سبەینێ شەممە 21ـی ئایارەوە، بڕیارەکە جێبەجێدەکرێت." گوتیشی، "ماوەیەکی دوور و درێژە کە خۆمان بۆ ئەم بڕیارە ئامادەکردبوو و وەستاندنی گازەکە هیچ زیانێک بە تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی گاز ناگەیێنێت."
بڕیاری بڕینی ناردنی گاز بۆ فینلاند لە دوای ئەوە هات حکومەتی ئەو وڵاتە رەتیکردەوە پارەی گازی کڕدراو بە رۆبڵی رووسی بدات. لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، گازپرۆمی رووسی رایگەیاندبوو، پێدانی پارەی گازی رووسیا تەنیا بە رۆبڵ دەبێت و سەرجەم وڵاتانی پەیوەندیدار دەبێت هەژماری بانکی لە بانکەکانی رووسیا بە رۆبڵ بکەنەوە و بەو دراوەش پارەی گازەکە بدەن.
بڕیارە نوێیەکەی مۆسکۆ لە دوای دوو رۆژ دێت، لە هەنگاوی فەرمیی فینلاند و سوێد بۆ بوون بە ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک هەردوو وڵات بە فەرمیی ببنە ئەندامی رێکخراوەکە کە بە نەیاری سەرسەختی رووسیا و بلۆکی رۆژهەڵات لەنێویاندا چین، دادەنرێت. هەرچەندە ئێستا رێکارەکانیان بەهۆی ڤیتۆی تورکیاوە راگیراون.
رۆژی چوارشەممە، 18-5-2022 کۆمپانیای گاسومی سەر بە حکومەتی فینلاند رایگەیاند، بەهۆی داواکەی فینلاند بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ پێشبینی بڕینی گازی رووسی لە رۆژی هەینی یان شەممە دەکات. گوتیشی، "کۆمپانیاکەمان هەموو ئامادەکارییەکانی کردووە و لەگەڵ کڕیار و هەروەها دامەزراوە حکومییەکانی وڵات لە پەیوەندیدا دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر بارودۆخێک کە رووبدات."