ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی 61 ملیار دۆلاری بۆ ئۆکراینا پەسند دەکات

20-04-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ژمارەیەک پڕۆژەیاسای پەسندکرد بۆ ناردنی یارمەتیی بۆ ئۆکراینا، ئیسرائیل و تایوان. یەکێک لەو پڕۆژەیاسایانە دەبێتە هۆی قەدەخەکردنی تیکتۆک لە ئەمریکا ئەگەر تاوەکو ساڵێکی دیکە نەفرۆشرێتە کۆمپانیا یان گرووپێکی ئەمریکی.  

پڕۆژەیاساکان بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی سەر بە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات پەسندکران. بە گوێرەی یەکێک لەو پڕۆژەیاسایانە، بە بەهای 61 ملیار دۆلار یارمەتیی بۆ ئۆکراینا دەنێردرێت. یەکێک 13 ملیار دۆلار بۆ ئیسرائیل تەرخان دەکات و یەکێکی دیکەش 9 ملیار دۆلار بۆ یارمەتیدانی غەززە و ناوچە لێقەوماوەکانی دیکە. 
 
ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا پێشوازی لە پاکێجە یارمەتییەکە کرد، هیوای خواست لە ئەنجوومەنی پیرانیش پەسندبکرێت و گوتی، یارمەتییە سەربازی و ئابوورییەکە "ژیانی سەدان هەزار کەس دەپارێزێت."
 
رووسیا هەر زوو ناڕەزایی دژی یارمەتییەکە دەربڕی. کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە، ناسراو بە کرێملن رایگەیاند: "یارمەتییەکانی ئەمریکا، خەڵکێکی زیاتری ئۆکراینا بەکوشتن دەدەن".
 
بەرهەمی دوای مشتومڕ
 
پڕۆژەیاساکان بەرهەمی چەندین مانگی پڕ لە مشتومڕ، گوشاری هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و داواکارییەکانی زیلینسکین. 
 
تێپەڕاندنی ئەم پڕۆژەیاسایانە کە بە پارەیەکی زەبەلاح لەسەر ئەمریکا دەکەون، مەترسی لەسەر پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە دروست دەکەن کە لە پارتی کۆمارییەکانە. 
 
سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنەکە، کە ئەویش کۆماری بوو، بە پۆستەکەی خۆی باجی ئەم جۆرە پڕۆژەیاسایانەی دا. پارەدارکردنی ئۆکرایناش چەقی مشتومڕە سەختەکانی نێوان هەردوو پارتە سەرەکییەکەی ئەمریکا بووە. 
 
لە سەرەتای شەڕی لەگەڵ رووسیا، ئەمریکا لە رووی سەربازییەوە پاڵپشتیکاری هەرە گەورەی ئۆکراینا بووە، بەڵام ماوەی نزیکەی ساڵ و نیوێک بوو بەهۆی ناکۆکیی نێوخۆییەوە، کۆنگرێس هیچ بڕێکی گەورەی یارمەتیی بۆ هاوپەیمانەکەی پەسند نەکردبوو.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و دیموکراتەکانی کۆنگرێس ماوەی چەندین مانگە هەوڵدەدەن پڕۆژەیاسایەک تێپەڕن بۆ ئەوەی چەکی نوێ بۆ ئۆکراینا بنێرن. 
 
بەڵام کۆمارییەکان کە لە ژێر کاریگەریی دۆناڵد ترەمپی بەربژێری سەرۆکایەتیی خۆیاندان، لەسەر پێدانی پارەی زیاتر بە کیێڤ ساردببوونەوە. 
 
پارەدارکردنی جەنگەکە بووەتە خاڵێکی ناکۆکیی پێش هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ کە چاوەڕێدەکرێت تێیدا دووبارە ترەمپ و بایدن رووبەڕووی یەک ببنەوە. 
 
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دوای چەند مانگێک لە دوودڵی، دواجار پشتیوانیی خۆی بۆ یارمەتییە 61 ملیار دۆلارییەکە دەربڕی کە ناردنی چەک و یارمەتیی ئابووری بۆ ئۆکراینا لەخۆدەگرێت: "بە باشتری دەبینم فیشەک بۆ ئۆکراینا بنێرم نەک کوڕانی ئەمریکا".
 
زیلینسکی لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هیوای خواست ئەنجوومەنی پیرانیش پەسندی بکات و بایدنیش واژۆی کۆتایی لەسەر بکات بۆ ئەوەی جێبەجێبکرێت. 
 
پڕۆژەیاسایەکە رێگە بە بایدن دەدات دەست بەسەر سامانی رووسیادا بگرێت، بیانفرۆشێت و پارەکەی بۆ ئۆکراینا بنێرێت. هەنگاوێک کە وڵاتانی دیکەی نێو کۆمەڵەی حەوت ئابوورییە گەشەسەندووەکە پێشوازییان لێکردووە. 
 
چەک شومەر، سەرکردەی زۆرینەی دیموکرات لە ئەنجوومەنی پیران گوتی، دەکرێت ئەنجوومەنەکە رۆژی سێشەممە دەنگی لەسەر بدات. 
 
رکابەرایەتیکردنی چین و قەدەخەکردنی تیکتۆک
 
لەسەر داوای بایدن، لە یەکێک لە پڕۆژەیاساکاندا، نزیکەی هەشت ملیار دۆلار بۆ رکابەرایەتیکردن لەگەڵ چین تەرخانکراون، کە بڕیارە لە دروستکردنی ژێردەریایی و جێبەجیکردنی پڕۆژەی ژێرخان لە وڵاتانی تازە گەشەسەندوودا خەرج بکرێت. هەروەها چەند ملیار دۆلارێکی دیکە بۆ دابینکردنی چەک بۆ تایوان تەرخان دەکرێت. 
 
پڕۆژەیاسایێکی دیکە کە رۆژی شەممە پەسندکرا، ئەپی تیکتۆک ناچار دەکات خۆی لە کۆمپانیای ByteDance (بایت دانس)ی چینی بکاتەوە، ئەگەر نا لە سەرانسەری ئەمریکا قەدەخە دەکرێت. 
 
پڕۆژەیاساکە ماەوی نزیکەی ساڵێک وەک مۆڵەت بە کۆمپانیا چینییەکە دەدات بۆ ئەوەی ئەپەکەی بفرۆشێتە لایەنێکی ئەمریکی، بە پێچەوانەوە لە 170 ملیۆن بەکارهێنەرە ئەمریکییەکەی بێبەش دەکرێت. 
 
تیکتۆک کە لە رووی ژمارەی خزمەتگوزاریی کورتە ڤیدیۆکان هیچ ئەپێکی رۆژئاوایی نەیتوانیوە رکابەرایەتیی لەگەڵدا بکات، بووەتە هۆی نیگەرانیی بەرپرسانی رۆژئاوا، کە پێیانوایە ئەپەکە لە ژێر هەژموونی پەکیندایە و دەکرێت وەک ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی پڕۆپاگەندەی چین بەکاربهێنرێت. کۆمپانیاکە گومانەکان رەتدەکاتەوە. 
 
تیکتۆک سەرکۆنەی پڕۆژە یاساکەی کرد و گوتی: "دەبێتە هۆی بەرتەسککردنەوەی ئازادیی رادەربڕینی 170 ملیۆن ئەمریکی، 7 ملیۆن بازرگانی وێران دەکات و پلاتفۆرمێک دادەخات کە ساڵانە 24 ملیار دۆلار دەخاتە نێو ئابووریی ئەمریکا."
 
13 ملیار بۆ ئیسرائیل و 9 ملیار بۆ غەززە و شوێنەکانی دیکە
 
هەروەها 13 ملیار دۆلار بۆ ناردنی یارمەتیی سەربازی بۆ ئیسرائیل تەرخانکراون. بە گوێرەی پڕۆژە یاسایەک، پارەکە لە بەهێزکردن و پڕچەککردنی گومەزی ئاسنینی ئیسرائیلدا خەرج دەکرێت. 
 
هەروەها زیاتر لە 9 ملیار دۆلار تەرخانکران بۆ "دابینیکردنی یارمەتیی مرۆیی بۆ غەززە و کۆمەڵانی دیکەی مەترسیلەسەر لە سەرانسەری جیهان." 
 
کاردانەوەکان
 
هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بە گەرمی پێشوازییان لە پەسندکردنی ئەو پڕۆژە یاسایانە کرد لە ئەنجوومەنی نوێنەران. 
بەڵام دەستەیەک لە کۆمارییە راستڕۆیە توندەکان هۆشدارییان داوە کە رەنگە بەهۆی پشتیوانیکردنی ئەم پڕۆژە یاسایانەوە، جۆنسن لە پۆستەکەی لابدەن. 
 
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتی: "دابینکردنی یارمەتیی سەربازیی زیاتر لە لایەن ئەمریکاوە بۆ ئۆکراینا، ئیسرائیل و تایوان، قەیرانە جیهانییەکان خراپتر دەکات".
 
زاخارۆڤا یارمەتیدانی کیێڤی بە "پشتیوانیکردنی راستەوخۆی تیرۆر" ناوبرد و گوتی، یارمەتیدانی تایوانیش "دەستوەردانە لە کاروباری نێوخۆیی چین".
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەسندکردنی یارمەتییەکەی بە "بەرگریکردن لە شارستانیەتی رۆژئاوایی" پۆڵێنکرد. ئەو دەڵێت: "کۆنگرێسی ئەمریکا بە زۆرینەی رەهای دەنگ پڕۆژە یاسایێکی زۆر رێزلێگیراوی یارمەتیی پەسندکر کە پشتیوانیی بەهێزی هەردوو پارت[ی کۆماری و دیموکرات] بۆ ئیسرائیل و بەرگریکردن لە شارستانییەتی رۆژئاوایی نیشان دەدات".
 
هەروەها ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "ئەمریکا و ئەوروپا پێکەوە لە بەری ئازادیدان لە دژی جەنگی تیرۆری پووتین. ئەمە رۆژێکی گەشبینییە بۆ ئۆکراینا و ئاساییشی ئەورووپا".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. وێنە: AP/ Alberto Pezzali

بەریتانیا پابەندبوونی خۆی بە فەرمانی دەستگیرکردنی نەتەنیاهوو نیشاندەدات

حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، ئەگەر بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی شانشینەکە بکات، ئەوا دەکرێت بە فەرمانی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان (ICC) دەستگیر بکرێت