ژمارەیەک وڵات شەممەیان کردە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان

 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک وڵات بەشێوەیەکی فەرمی رۆژی شەممەیان وەک یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دیاریکرد. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی نیسانی 2023، هەریەکە لە وڵاتانی زۆرینە موسوڵمان مالیزیا، ئیندۆنیزیا و برونەی رایانگەیاند، رۆژی شەممە 22ـی نیسان، یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە. جگە لەوانەش هەریەکە لە ئوسترالیا، تایلاند، ژاپۆن، فلیپین و ژمارەیەک وڵاتی دیکەش رۆژی شەممەیان بە یەکەم رۆژی جەژن دیاریکرد.  
 
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە سعودیە چاوەڕێی رۆژئاوابوون و بینینی مانگ دەکەن، ئەگەر بێتو ئێوارەی ئەمڕۆ مانگ ببیندرێت، ئەوا رۆژی هەینی، 21ـی نیسان دەبێتە یەکەم رۆژی جەژن، ئەگەریش بێتو مانگ نەبیندرێت، ئەوا رۆژی هەینی درێژەپێدەری مانگی رەمەزان دەبێت و رۆژی شەممە کە دەکاتە 22ـی نیسان دەبێتە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی ساڵی 1444ـی کۆچی. 
 
هاوکات، بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان چاودێری مانگ بکات بۆ ئەوەی رۆژی یەکەمی جەژنی رەمەزان دیاری بکەن. 
 
دیاریکردنی جەژنی رەمەزان بە هەمان شێوەی دیاریکردنی یەکەم رۆژی رەمەزان، بەگوێرەی وڵاتە سوننە مەزهەب و شیعە مەزهەبەکان دەگۆڕێت. 
 
پێشتر رۆژی 18ـی نیسان، ماجد ئەبو زاهرە، سەرۆکی کۆمەڵەی فەلەکناسیی جەدەی سعودیە لەبارەی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانەوە رایگەیاندبوو، "بەپێی لێکدانەوەی ژمارە فەلەکییەکان، رۆژی 29ـی رەمەزان کە دەکاتە 20ـی نیسانی 2023، مانگ کاژێر 7:12 بەکاتی مەککە دەگاتە دۆخی بەیەکگەیشتن بە مانگی شەوال و رۆژی هەینی 21ـی مانگ بینینی مانگ بە چاو زۆر روون دەبێت، چونکە ئاسمان ساماڵە"، بەو لێکدانەوەیەش بێت، رۆژی هەینی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵی کۆچیی 1444ـە.
 
هاوکات، عەلیرەزا موەحیدنەژاد، سەرۆکی لیژنەی بینینی مانگی ئێران بە میدیای فەرمی ئەو وڵاتەی راگەیاند، بەپێی پێشبینیی شارەزایان، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە مانگ نابیندرێت، بۆیە هەینی رۆژی سییەمی مانگی رەمەزانە و رۆژی شەممە 22-04-2023 دەبێتە جەژنی رەمەزان.