لە فلیپین 59 مێش بگرە و دۆلارێک وەربگرە

رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی نزیک لە مانێلای پایتەختی فلیپین، لە رێگەی پڕۆگرامێکەوە رێگەیەکی نوێ بۆ رێگری لە تای خوێنبەربوون پەیڕەو دەکرێت. داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت، ئەو جۆرە مێشە بگرن کە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، لە بەرامبەردا پارە وەردەگرن.
کارلیتۆ سێرنال، موختاری گوندەکەیە و دەڵێت، "ئەم پڕۆگرامە وەکو رێگەیەکی نوێ بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە جێبەجێ دەکەین. بەو هیوایەی ببێتە هۆی بەشداریکردنی خەڵکێکی زیاتر بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون".
لە بەرامبەر گرتنی هەر 59 مێشێک، خەڵکی گوندەکە دۆلارێک وەردەگرن. ئەمە هاوکارییەکی باشی خەڵک دەکات، چونکە تێکڕای داهاتی تاکێک لە رۆژێکدا 11 دۆلارە.
ئیلومنادۆ، هاووڵاتییە و دەڵێت، "پێمانوایە تەنیا کۆکردنەوەی پارەکە گرنگ نییە، بەڵکو پاراستنی تەندروستی گرنگترە. ئەگەر منداڵێکمان تووشبێت، خەرجیەکی زۆر زۆری دەوێت."
مێشی ئەیدیز ئیجێپتی هۆکاری بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوونە. بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی فلیپین، ئەم ساڵ تاوەکو 1ی شوبات، 28 هەزار و 234 کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون، ئەمە 40٪ لە هەمان ماوەی پار زیاترە.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ساڵی 2023 لەنێو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا، فلیپین زۆرترین کاریگەری تای خوێنبەربوونی لەسەر دەرکەوت. لەو ساڵەدا 167 هەزار و 355 کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون، کە 575یان گیانیان لەدەستدا.